هاووڵاتیانی سەردەشتی گومانیان لە ئاگرکەوتنەوەکان هەیە

16:43 - 13 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئاگرکەوتنەوە لەدارستانەکانی شاری سەردەشت کە لە چوار لاوە رووی دا، هاووڵاتیان گومانیان هەیە و پێیان وایە ئە ئاگرانە بە ئەنقەست روویان داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا دارستانەکانی شاری سەردەشت لە چوار لاوە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و رووبەریکی زۆر لە داربەڕووەکانی ئەو شارە لە ناوچوون.

دارستانەکانی ناوچەی\" شێخ برایم بادام\"، دارستانەکانی پشت \"پۆمپی بەنزین\" و دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"کەچەڵ ئاوا\" ئەو شوێنانە بوون کە ئاگرکەوتنەکە تێیدا روویداوە.

ئاگرگرتنی دارستانەکانی شاری سەردەشت بە هەوڵی خەڵک، چالاکانی مەدەنی و ژێنگەپارێزییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

دانیشتوانی ئەو ناوچەیە باوەڕییان وایە کە ئەو شوێنانە بە ئەنقەست دەسووتێندرێن و داوا لە بەرپەرسانی پێوەندیدار دەکەن کە پێش بەو کارانە بگرن و بکەرانی ئەو رووداوانەش بە سزای خۆیان بگەیەنن.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممەی حەفتەی رابردووش زیاتر لە ٨ هێکتار لە دارستانەکانی \" مەجەسە و بلوە\" شاری بانە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتبوو.