هاوخەمیی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان

16:00 - 20 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیامێکدا، هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی ڕووداوی پێکدادان لە شاری سنە دەربڕی.

لە پەیامی ڕێکخراوی داکۆ کی لە مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، \"بەپێی هەواڵە پشتڕاست نەکراوەکان و ڕاگەیاندنی هێندێک لە سەرچاوە سەربەخۆکان، ماشینی بارهەڵگری تریلی، هەڵگری نەوتی قاچاخ، لە شاری کەرکووکی داگیرکراو و باشووری کوردستان بەرەو ئێران بووە، کە لە لایەن مامەڵچییەکان و تاڵانکەرانی دەوڵەتی و ناوچەیی جێبەجێ دەکرێن\".

دەقی تەواوی ئەم ڕاگەیاندراوە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی و سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان


نیوەشەوی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مەدەنی و مسافیرانی سنەیی دەچوون بۆ شاری تاران، لە ئۆتووبانی مەولەوی شاری سنە تووشی ڕووداوێکی دڵتەزێن بوون. لەو ڕووداوە دەڵتەزێنەدا دەیان کەس لە ئاگری تەقینەوەی پێکدادانی تریلی هەڵگری ماددەی سووتەمەنی، لەگەڵ ئۆتووبووسێک و ماشینێکی مسافیرکەشی، گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵە پشتڕاست نەکراوەکان و ڕاگەیاندنی هێندێک لە سەرچاوە سەربەخۆکان، ماشینی بارهەڵگری تریلی، هەڵگری نەوتی قاچاخ لە شاری کەرکووکی داگیرکراو و باشووری کوردستان بەرەو ئێران بووە، کە لە لایەن مامەڵچییەکان و تاڵانکەرانی دەوڵەتی و ناوچەیی جێبەجێ دەکرێن\".

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای بەداخبوونی خۆی لەو ڕووداوە هەژێنەرە، ڕایدەگەیەنێت، وێڕای سەرەخۆشی لەگەڵ بنەماڵەی گیان لە دەستداوان و برینداربووانی ئەو ڕووداوە، سەرەخۆشی لە خەڵکی شاری سنە دەکات و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ماتەمینی گشتی لە کوردستان، هاوخەمیی خۆی لەگەڵ تازیەبارانی ئەو ڕووداوە لە کوردستان ڕادەگەیەنێت.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
٢٠ی پووشپەڕی ٩٧