هاشم مورادی بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

12:17 - 23 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "هاشم مورادی" تەمەن ٣٩ ساڵ، کوڕی "مستەفا" و خەڵکی گوندی "شیناوێـ"ـی شاری پیرانشار، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

"هاشم مورادی" کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

هاشم مورادی کۆتاییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.