هاشم شەعبانی زیندانیی سیاسیی عەرەب مەترسیی مەرگی لەسەرە

17:01 - 27 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: هاشم شەعبانی زیندانیی سیاسیی عەرەب دوای زیاتر لە یەك ساڵ زیندانی و خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەشكەنجەی رووحی و رەوانیدا، بەهۆی ئەوەی كە شیمانەی گیان لەدەست دانی لێدەكرێ‌، رێكەوتی 25‌ی گەلاوێژ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بر زیندانی كاروون راگوێزراوە.

بەپێی راپورتی چالاكانی مافی مرۆڤی عەرەب، هاشم شەعبانی شاعیر و مامۆستای قوتابخانەكانی شاری خەلفیە هەڵكەوتوو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەهواز و دەرچووی ئەدەبیاتی عەرەب و خوێندكاری زانستی سیاسیی زیاتر لە یەك ساڵە كەلە گرتنگەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا لەژێر توندترین ئەشكەنجە دایە.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستووتە روو، كاتێك كە لێپرسراوانی زیندانی كاروون ویستوویانە ئەو هاووڵاتییە بە مەبەستی چارەسەریی پزشكی رەوانەی نەخۆشخانە بكەن لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دژایەتیان لەگەڵ كرا.

بە وتەی چالاكانی مافی مرۆڤی عەرەب، ئەگەری ئەوە هەیە هاشم شەعبانی بەهۆی خراپی بارودۆخی جەستەیی گیانی لەدەست بدات.

هەتا ئێستا 6 زیندانیی سیاسیی عەرەب بەهۆی ئەشكەنجەوە لە گرتنگەكانی ئیدارەی ئیتلاعات لە حەمیدیە، ئەهواز، دێزفوول، شووش و شوێنەكانی دیكە گیانیان لەدەست داوە.

غیبان عەبداوی خەڵكی حەمیدیە، محەممەد چەلداوی خەڵكی ئەهواز ئەهواز، رەزا مغاسمی خەڵكی دێزفوول، محەممەد كەعبی خەڵكی شووش، ناسر ئالبوشكە خەڵكی ئەهواز و عەلیڕەزا غوبەیشاوی خەڵكی خەڵفیە لەو كەسانەن كە بەهۆی ئەشكەنجەوە گیانیان لەدەست داوە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەك لە رەوش و چارەنووسی چەند زیندانیی سیاسیی دیكەی هاوچەشنی هاشم شەعبانی، وەكوو محەممەد عەلی عەمووری، هادی راشێدی، جابر و موختار ئالبوشكە، رەحمان عەساكارە نیە.