هاتنی سیڵاو لە ورمێ‌بوە هۆی مەرگی دوو هاووڵاتی

22:11 - 14 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: هاتنی سێڵاو و تەقینی رووبار لە شاری ورمێ‌، مەرگی دوو هاووڵاتیی بەدواوە بوو.

ئەمڕۆ بەهۆی بارینی زۆری باران و تەقینی رووباری \"نالوو چای\" لە باكووری ورمێ‌، دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی \"سنجی\"ی سەر بە بەخشی \"نازلوو\"ی ورمێ‌گیانیان لەدەست دا.

هەواڵدەریی مێهر بڵاوی كردەوە، جیا لە گیان لەدەست دانی ئەو دوو كەسە، كەسێك ون بووە و كەسێكی دیكەش بریندار بووە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بە ناو ناسنامەی كەسەكان نەكردووە.

هەروەها بەپێی وتەی بەخشداری نازلوو، گوندی رووبەڕووی سیڵاو بۆتەوە و دانیشتوانی بۆ ساڵۆنی وەرزشی و مزگەوتی گوند گوێزراونەتەوە.
\"5957.jpg\"
بەهۆی باران بارینی شەوی رابردوو و ئەمڕۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا زیاتر لە 40 هێكتار زەوی و زاری كشتوكاڵی، ژێرخانی ئاو و بەرق و زیاتر 30 یەكەی نیشتەجێ‌بوون لە 12 گوندی بەخشی ناوەندیی شاری چاڵدوران خەساریان بەركەوتووە و بە وتەی فەرمانداری چاڵدوران 120 سەر مەڕ و پەلەوەری ماڵان بەهۆی سێڵاوەوە لەناو چوون.

لە جەریانی ئەو سێڵاوەدا گوندەكانی \"ئیمام قولی كەندیی سەروو و خواروو، ئاباراباشی، رەیحان كەندی، قیرمزی داش، ئاباران كەندی و جەبار كەندی\" توووشی خەسار و زیان بوون كە 60 میلیارد ریاڵ بەراورد كراوە.