نەگۆڕدرانی فەرمانداری شاری سەقز، رێفۆرمخوازانی شارەکەی کردۆتە دووبەش

15:46 - 31 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش زیاتر لە ساڵێک لە هاتنەسەرکاری دەولەتی نوێ لە ئێران و زیاتر لە ١٠ مانگ لە گۆردرانی ئوستانداری کوردستان، هەتا ئێستا فەرمانداریی شاری سەقز لە دەستی کەسێکی غەیری کورد دایە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەکاتێکدا حەسەن رۆحانی لە بەیانیەیەکی ١٠ ماددەییدا لەمەڕ مافی کەمینە نەتەوەیی ئایینییەکان باسی لە دەستنیشانکردنی ‌هێزی لێوەشاوەو شیاوی خۆجێیی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شارەکان کردبوو، لەگەڵ ئەوەیکە ئوستانداری خۆجێی بۆ ئوستانی کوردستان دیاری نەکرا، بەڵکوو فەرمانداریی شارەکانی سەقز و کامیاران هەتا ئێستا لە دەستی کەسانی ناخۆجێیدایە.

نەگۆڕدرانی فەرمانداریی شاری سەقز ناڕەزایەتیی نێوخۆیی رێفۆرمخوازانی ئەو شارەی لێکەوتەوەو لەو پەیونەدییەدا بەشێک لەرێفۆرمخوازان رەخنەیان لە جێبەجێ نەکرانی بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی، موحسین بیگلەری نوینەری مەجلیس لە شاری سەقز و بانە گرتبوو.

چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان دەستنیشان کردنی کەسانی ناخۆجێی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئوستان و شارەکانی کوردستان، بۆ بێ متمانەیی دەسەڵات بە کەسانی خۆجێی و روانینی ئەمنییەتی بۆ ئە وناوچانە دەگەڕێتەوە.

عەبدولعەزیز مەولوودی پێشتر سەبارەت بە تێڕوانینی ئەمنیەتیی دەسەڵات بۆ ناوچە کوردییەکان، بە ئاژانسی کوردپای رایگەیاندبوو؛  روانینی ئەمنیەتی خۆی بەسەر ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا زاڵ بووە و ئاکامەکەشی پاشەکشەی ئەو ئوستانە لە بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌یەکان دایە، بەچەشنێک کە ئەو ئوستانە لە سەرەتای \"شۆڕش\"‌ـەوە هەتا ئێستا هیچ گەشە و پەرەگرتنێکی بە خۆیەوە نەبینیوە.

حەسەن رۆحانی لە بەندی ٩ی بەیاننامەی تایبەت بە کەمینەکان و لە کاتی سەردانیشی بۆ ئوستانی کوردستان باسی لەوە کردبوو، کە دەبێ تێڕوانینی ئەمنیەتی بە نیسبەت کەمینەکانەوە گۆرانی بەسەردا بێت و هاوکات جەختی لە دیاریکردنی کەسانی جێگەی متمانە بۆ ئوستانداری و فەرمانداریی شارەکانی کوردستان کردبوو.

سامان رەسووڵپوور سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەکان بە \"رادیۆ ئاڵمان\"ی راگەیاندبوو؛ گرینگ ئەوەیە کە کەسانی لێوەشاوەو خۆشناوی ناوچەکان ئەو دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت کە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەکاندا رۆڵی ئەرێنی بگێڕن.

لە ئێستادا کەسێکی غەیری کورد و شیعە مەزهەب بەناوی \"نادر فەخری\" فەرمانداریی شاری سەقزی لە ئەستۆیەو پاش تێپەڕینی زیاتر لە ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی حەسەن رۆحانیدا و دانی بەڵینیی بەرێوەبەرایەتیی شارەکان بە کەسانی خۆجێی، هەتا ئیستا نەگۆڕدراوە.

پێشتریش کەسێکی غەیرە کوردی شیعەمەزهەب بەناوی \"کەریم ئەفشاریان\" فەرمانداریی شاری سەقز، دووەمین شاری گەورەی ئوستانی کوردستانی لە ئەستۆ بوو، کە تێکرای دانیشتوانی شارەکە هاوولاتییانی کوردی سوننی مەزهەب پێکی دێنن.