\"نەورۆزی سەمای ئازادی\"

00:39 - 15 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی کوردەواری پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!


سەرەتا و لە بەرەبەری هاتنی ساڵی نوێی کوردەواریدا، بەناوی \"ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران\"ەوە، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردیتان لێ دەکەین.

ئێوە خەڵکی مافخوازی کوردستان هەموو ساڵێک سەرەڕای فشار و چاودێریی چڕی هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، توانیوتانە نوێبوونەوەی ساڵ و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بکەنە دەرفەتێک بۆ خۆشی دەربڕین و بانگەوازی ویست و داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆتان وەک نەتەوەیەک کە تا ئێستاش لە سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکان بێ‌بەش کراوە.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا رێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز لە هەمیشە بە پەیام و درووشم و هێمای تایبەتەوە بەڕێوەچوون کە نیشانەی بەرزیی ئاستی شعوور و هوشیاری نەتەوەیی و رێکخراوبوونی ئیرادەی گشتیی کۆمەڵگەی کوردستانە؛ بۆیە ئەمساڵیش پێویستە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئاستێکی بەرینتردا، بە ناو و دروشم و هێمای تایبەتەوە، یەکگرتووانە بەڕێوە بچن و بکرێنەوە بە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی کۆمەڵێک مانا و پەیامی نەتەوەیی و شوناسخوازانە. بۆیە \"ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران\" هەر وەک لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە چاوەڕوانی لێ دەکرا، لەم پێوەندییەدا یەکگرتووانە و لە سۆنگەی گرینگیدان بە زەروورەتی \"یەکریزی\" و \"پێکەوەبوون\" لە هەموو ئاست و بەستێنەکاندا، داوا لە خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە دەکات:

١- رێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ژێر ناوی \"نەورۆزی سەمای ئازادی\"دا بەڕێوە بچن.

٢- با درووشمی سەرەکیی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵمان، \"یەکریزی و هاوکاریمان، ڕەمزی سەرکەوتنمانە\" بێت.

٣- لە ڕێوڕەسمەکاندا لە \"جامانە، هەوری و گوڵی سوور\"، کەڵک وەربگرین.

خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان لانیکەم لە ماوەی تەنیا چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەمیشە نیشانیان داوە کە یەكگرتووانە بەدەم بانگەواز و داوای هێز و لایەنە سیاسییەکانی خۆیانەوە دێن و چاوەڕوانیشیان - لە قۆناغی ئێستای خەبات دژ بە سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران - یەکگرتوویی و پێکەوە بوونە. خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە کردەوە دژیگەلی و تێرۆریستییەکانی رێژیم، مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد، زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن‌پەناهی، لە رۆژی ٢١ی خەرمانان و هەروەها بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە ٢ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، نیشانیان دا کە یەکگرتووانە بە گژ سیاسەتی دوژمنکارانەی رێژیمدا دەچنەوە و خاوەنداری لە خەباتی شوناسخوازانەی خۆیان دەکەن. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆزی ئەمساڵیشەوە، یەکگرتووانە بە وەڕێخستنی رێوڕەسمی گشتی و جەماوەری، خاوەندارێتی لە ماف و ئازادییە کلتووری و نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن.

لەم پێوەندییەدا ئەرکی وتاربێژان، شاعیران و هونەرمەندانە کە نێوەرۆکی قسە و بابەت و هونەرەکەیان، تەژی بێت لە پەیامی یەکگرتوویی، نەتەوەیی و بەگژداچوونەوەی زوڵم و زۆری و سیاسەتە دژیگەلییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی. با لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا بە لەمل‌کردنی \"جامانە و هەوری\" و بەدەستەوەگرتنی \"گوڵی سوور\" و بەرزکردنەوەی درووشمی \"یەکڕیزی و هاوکاریمان، رەمزی سەرکەوتنمانە\"، \"سەمای ئازادی\" بکەین و بیسەلمێنین کە لە وەدستهێنانی ماف و ئازادییەکانی خۆمان وەک نەتەوەیەک بەردەوام و شێلگیرین.

نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت.

بەهیوای ساڵێکی پڕ لە دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
١٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٧