نەغەدە/ مردنی منداڵێکی ٢ ساڵان بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە

14:42 - 13 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی دوو ساڵان لە شارستانی نەغەدە، بەهۆی هەڵەی پزیشکی گیانی لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٥شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، منداڵێکی دوو ساڵان بە ناوی \"عەلی حەسەنی‌پوور\"، بەهۆی هەڵەی پزیشکی، لە نەخۆشخانەی شارستانی نەغەدە گیانی لەدەستدا.

بەپێی ئەم هەواڵە، ئەم منداڵە دوو ساڵانە تووشی هەڵامەت بووە و پاش وەرگرتنی دەرمان لەلایەن کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی نەغەدە، تووشی گەشەنگ بووە و خنکاوە.

لە یەکەم دژکردەوە بەم هەواڵەش، سەرۆکی نەخۆشخانە ئەم ئیددعای ڕەت کردۆتەوە، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە نەخستۆتەڕوو.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی\"دەرەهەجیج\"ی شاری پاوە و دانیشتووی شاری مەریوان، بە ناوی \"عەبدولقادر فەتاحی\"، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران بوو بە قوربانی کەمتەرخەمییە پزیشکییەکان و گیانی لە دەست دا.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش نەشتەرگەری، لەحاڵێکدا کە باری تەندروستی بەرەو باشی ڕۆیشتووە بە لێدانی دەرزییەک لەلایەن یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەکەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، پاش ئەم ڕووداوە سکاڵایان لە دژی ئەو پزیشکە تۆمار کردووە؛ بەپێی دوایین زانیارییەکان هەتا ئێستا تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە نەخۆشخانەدایە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕووداوی لەم چەشنە ڕوو دەدات؛ پێشتریش لە ١٤ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە هۆی هەڵەی پزیشکیی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت، ژنێکی ٢٠ ساڵە بەناوی \"فەرزانە سامی\" گیانی لە دەستدا.

زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری ڕەسمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.