نەدانی ویزا بۆ کچە ڕۆژنامەنووسێکی کرماشانی

16:19 - 6 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: کچە ڕۆژنامەنووسێکی کورد خەڵکی شاری کرماشان بە هۆی پێنەدانی ویزا، بۆ بەشداری کردن لە ١١هەمین کۆنفڕانسی پرسی نەتەوەکان لە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەو کۆنفرانسە بەجێما.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئازەر تاهێرئابادی\" ڕۆژنامەنووسی کورد، خەڵکی شاری کرماشان بە هۆی پێنەدانی ویزا، لە بەشداری‌کردن لە ١١هەمین کۆنفڕانسی پرسی نەتەوەکان لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف، بەجێما.

\"\"ئەو کچە ڕۆژنامەنووسە کوردە، لە دژکردەوەی سەبارەت بە پێنەدانی ویزا بۆ بەشداری لەو کۆنفڕاسەدا لە لاپەڕەی فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: \"بە هۆی نیاز پاکی هێندێک بەڕێوەبەران و هەڵبەت بێ کاریگەری نەبوونی هێندێک سیاست و هەڵبەت سەد ئەوەندە \"کاغذ پارە\"، ئەمساڵ لە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک لە ١١هەمین کۆنفڕنسی پرسی نەتەوەکان لە ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێف نەمتوانی بەشداری بکەم و زۆر بە سووک و ئاسانی ویزایان پێنەدام\".

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا، ئازەر تاهێر ئابادی بە هۆی بڵاوکردنەوەی وتار و ڕاپۆرت لە ماڵپەڕەکان و ڕۆژنامەکان و چالاکیی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، چەند جار لە لایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی شارەکانی کرماشان و تاران بانگهێشت کراوە.

ئەو کچە ڕۆژنامەنووسە، ئەندامی \"سرای اهل قلم\"ـی ئێرانە و لە ١٠ی خەزەڵوەری ساڵی ٩١، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کرا.

ئازەر تاهێر ئابادی لەدایکبووی ساڵی ٦٠ی هەتاوی لە شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشانە و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا چالاکیی لە بواری مافی مرۆڤ، بە ئەندامبوونی لە کۆمیسیونی کاروباری ژنان و \"ئێن جی ئۆ\"، جۆراوجۆرەکان دەست پێکردەوە و ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی کارناسیی فەلسەفە و لە ڕۆژنامەنووسەکانی شاری کرماشانە.