نەخۆش کەوتنی ١٠٠ منداڵ و مێرمنداڵ لە سەلاسی باوەجانی بە هۆی خواردنەوەی ئاوی قوڕاو

14:51 - 5 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هاتنی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، ئاوی خواردنەوەی چەندین گوندی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بووەتە قوڕاو، کە بە هۆیەوە ١٠٠منداڵ و مێرمنداڵ نەخۆش کەوتوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش هاتنی بوومەلەرزەی ٢/٦ ڕێشتری، لە پارێزگای کرماشان بەتایبەتی ناوچەی سەلاسی باوەجانی، چەندین گوندی ئەو ناوچەیە ئاوی خواردنەوەیان قوڕاوی بووە و ئەمەش بووەتە هۆی نەخۆش کەوتنی ١٠٠ منداڵ و مێرمنداڵی ئەو ناوچەیە.

لە لایەکی دیکەوە، خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی شاری سەلاسی باوەجانی لە ژێر گوشاری شارەداریی و هەروەها بەڵێنەکانی سپای پاسداران بۆ سازکردنی خانوبەرە بە پارەیەکی کەم کانکێسەکانیان فرۆشتووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، شارەداریی سەلاسی باوەجانی کانێکسەکانی بە هاووڵاتییان کۆ کردووەتەوە و لە بری هەر کانێکسێک ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەنی بەو هاووڵاتییانە داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش هاتنی بوومەلەرزەی دوو ڕۆژ پێش و ڕووخانی هێندێ لە خانوبەرەکان هاووڵاتییان، هەنووکە شارەداریی بۆ فرۆشتنی هەر کانێکسێک داوای بڕی ٢ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن کردووە.

سەرچاوەکە هەروەها دەڵێت: زۆربەی خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی بە هۆی نەبوونی کانێکس و پارەی کڕینی کانێکس لە دەرەوەی ماڵەکان لە ژێر خێوەتدا دەژین.

بەپێی ئەو هەواڵانەی تا ئێستا بڵاو بووەتەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بە هۆی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.
ە.