نەخۆشیی ئیبۆلا لە کوردستان، هاووڵاتییانی نیگەران کردووە

13:40 - 3 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا لە هێندێک لە شارەکانی کوردستان، ترس و نیگەرانیی هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێندێک لە هاووڵاتییانی کورد باس لە هەبوونی نەخۆشیی ئیبۆلا لە بەخشی تایبەتی(ویژە)ی نەخۆشخانەکاندا دەکەن.

هەواڵنێرانی کوردپا لە شارەی کوردستانی ئێران باس لە چەندین حاڵەتی گوماناوی نەخۆشیی ئیبۆلا لە نەخۆشخانەی شارەکاندا دەکەن و ترس و نیگەرانیی هاووڵاتییانی بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە جیدی وەسف دەکەن.

لە نەخۆشخانەی شاری سنە، لاوێكی تەمەن ٢٣ ساڵ، کە دەگوترێ تووشی نەخۆشیی ئیبۆلا بووە، گیانی لەدەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا لە پیرانشارەوە رایگەیاند، ژنێک کە تەمەنی نزیک بە ٥٠ ساڵێک دەبێ، گومانی ئەوەی لێ دەکرێت کە تووشی نەخۆشیی ئیبۆلا بووبێت.

هاووڵاتییەکی سنەیی لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: باسی نەخۆشیی ئیبۆلا لە نیو شاری سنەدا زۆر جیددی و جێگەی نیگەرانییە و دەچیتە هەر شوێنێک باس لەو نەخۆشییە دەکرێت.

هاووڵاتییەکی دیکە لە پیرانشارەوە دەڵێت: ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا زۆر جیدییەو تەنانەت سەردانی نەخۆشەکانی دیکەش بەهۆی ترس لە تووشبوون بە نەخۆشیی ئیبۆلا ئیجگار کەم بۆتەوە.

باسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا لە شارەکانی کوردستان، پەرچەکرداری وەزیری تەندروستیی دەوڵەتی لێکەوتۆتەوە.

دوکتور حەسەن هاشمی، لە پەراوێزی کردنەوەی ناوەندی پێدانی مۆڵەتی \"مەتەبی پزیشکی\"دا، باسی بڵاوبوونەویە نەخۆشیی ئیبۆلا بەتایبەت لە شاری تەورێزی بە دەنگۆ لە قەڵەم دا.

هەروەها زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواش، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلای رەت کردۆتەوەو هاوکات رایگەیاندووە، کە لە قوتابخانەکاندا رێنمایی و راهێنانی پێویست بە قوتابییان ئەنجام دراون.

ئەو ناوەندە زانستییە، ئەو حاڵەتە نەخۆشییانەی کە تۆماری کردوون، بە ئەنفلۆنزای جۆری B لە قەڵەمی داوە.

بەرپرسی بەشی تەندروستیی شاری بیجاڕ لە ئوستانی کوردستان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لەو شارەدا بە دەنگۆ لە قەڵەم داوەو رەتی کردەوە کە لاوێکی خەڵکی ئەو شارە بەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی ئیبۆلاوە گیانی لەدەست دابێت.

نەبیوڵڵا مەهدەویان، لە لێدوانێکدا بۆ هەوالدەریی فارس، رایگەیاندووە، کە هاووڵاتییان لە دەست لێدان لە کەلاکی باڵندەی مندارەوەبوو، خۆ ببوێرن.

ئیبۆلا ناوی جۆرێک ڤایرۆسە، کە تاو(تب)ی خوینبەربوونی ئیبۆلا، نەخۆشیییەکی کوشندەیە، کە لە نێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا هاوبەشە.
ئەم نەخۆشییە تەنیا مرۆڤ، مەیموون و شامپانزە تووشی دەبن.