نەخۆشییە هیمۆفیلییەکانی ئوستانی کوردستان لەگەڵ کێشەی دەرمان بەرەوڕوون + وتووێــژ

16:37 - 5 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی نەخۆشییەکانی \"خوێن (همۆفیلی)\"پاش تێپەڕبوونی ١٦ مانگ بەسەر دامەزرانیدا، بەرەوڕووی کەمیی بودجە بۆتەوە.

چەند حەفتە پێش ئێستا بەرپرسی ئەنجومەنی نەخۆشیی \"هێمۆفیلی\"ی ئێران راگەیاندبوو، \"قەیرانی دەواو دەرمان بۆ نەخۆشیی هێمۆفیلی لە قۆناخی قەیران تێپەڕیوە، بەڵام هەنووکە لە ئوستانی کوردستان یەکەم نیشانەکانی کەمیی دەواو دەرمانی ئەو نەخۆشییە خۆی دەرخستووە.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣ی گەلاوێژ راپۆرتێک لەسەر کەمیی دەواو دەرمانی نەخۆشیی هێمۆفیلی لە ئوستانی کوردستان بڵاو بوویەوە، بۆیە ئاژانسی کوردپا بۆ بەدواداچوون لەمەڕ ئەم مەسەلەیە لەگەڵ بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نەخۆشیی هێمۆفیلیی ئوستانی کوردستان وتوێژێک پێک هێنا.

\"14195.jpg\"
خالید وەکیلی تەجەرە، به ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌رپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نەخۆشە هیمۆفیلییەکانی ئوستانی کوردستان
\"خالید وەکیلی تەجەرە\" وێڕای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی کەمی و گرانیی دەوا ودەرمان لە شاری سنە، بەئاژانسی کوردپای راگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١ ساڵ بەسەر دامەزارانی ئەم ئەنجومەنە لە ئوستانی کوردستان، هەتا ئیستا هیچ ناوەندێکی حکوومەتی وەک: شارەوانی، فەرمانداری و ئوستانداری، ئاوڕیان لە داواکارییەکانی ئەم ئەنجومەنە نەداوەتەوە.

ئەو بەرپرسە کە بۆ خۆیشی تووشی نەخۆشیی هێمۆفیلی بووە، رایگەیاند: کە زۆر بەکەمی لەلایەن هاووڵاتییانەوە پشتگیری ماددی دەکرێن.

ناوبراو هۆکاری ئەو جۆرە هەڵسووکەوتەی هاووڵاتییانی بۆ تازە دامەزراوەیی ئەنجومەنەکەیان گەڕاندەوە و رایگەیاند کە هاووڵاتییان بە چۆنیەتی کار کردنی ئەنجومەنەکەی ئێمە ئاشان نین.

هەنووکە ١٠٦ نەخۆشی تووشبوو بە هیمۆفیلی لەو ئەنجومەنە پەروەندەیان بۆ پێکهاتووە و ئەو نەخۆشانە بەهۆی گرانی لە بازاڕەکانی دەواودەرمان، بۆ دابین کردنی دەواو دەرمانی نەخۆشییەکەیان بەرەوڕووی گرفت بوونەتەوە.

تەوەکولی تەجەرە راشیگەیاند، ئەو شوێنەی کە لەلایەن شارەوانییەوە بۆ ئەنجومەنەکەمان تەرخان کراوە، شوێنێکی گونجاو نییە و بەهۆی بوونی پلیکانی لەڕادەبەدەر لە شوێنی کارەکەمان، نەخۆشەکان رۆژانە لەکاتی سەردانیان بۆلای ئێمە، بەرەورووی گرفت دەبنەوە.

\"14196.jpg\"
ئەنجومەنی نەخۆشیی \"هێمۆفیلی\"ی ئێران
خالید تەوەکولی تەجەرە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە ٥٠%ی نەخۆشەکان تووشی خوێنڕێژی بوون و ماوەی چەند رۆژە نرخی دەرمانی ئەو نەخۆشییە بۆ چەند بەرابەری نرخ رووی لە زیادبوون کردووە.

بەسەرنجدان بەوەی کە نەخۆشەکانی تووشبوو بە هیمۆفیلی زیاتر تووشی خوێن‌ڕێژی، ئازارەکانی چۆک، مچەک ولاق دەبنەوەو کارەکانی ئەو ئەنجومەنە زیاتر لەلایەن نەخۆشەکانەوە ئەنجام ئەدرێت، نەخۆشەکان بەرەورووی کێشە وگرفتی جیددی دەبنەوە.

خالید وەکیلی تەجەرە، بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی ئەنجومەنی نەخۆشە هیمۆفیلییەکانی ئوستانی کوردستان باسی لەوەش کرد، داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی خێرخواز دەکەین کە ئاوڕ لە نەخۆشە هیمۆفیلییەکان بدەنەوە و بۆ یارمەتی بە ئەنجومەنەکەمان، دەتوانن بە ژمارە حیسابی (جام) ٣٢٠٣٦٩٦٠٥٠ بانکی \"میللەت\" بەناوی ئەنجومەنی نەخۆشییە هیمۆفیلییەکانی ئوستانەوە یارمەتییەکانی خۆیانمان بۆ بەرێ بکەن.

رێکەوتی ١ هەتا ٧ی مانگی گەلاوێژی هەموو ساڵێک بەناوی حەفتەی پشتگیری لە نەخۆشییە هیمۆفیلییەکان ناودێر کراوە.