نەخۆشخانەی مەهاباد بەرەوڕووی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی بۆتەوە

15:15 - 6 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: نەخۆشخانەی مەهاباد لەگەڵ نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و دەوا و دەرمان بەرەوڕوو بۆتەوە و زۆربەی نەخۆشەکان لەو دۆخە ناڕازین.

کارناسانی تەندروستی شاری مەهاباد رایانگەیاندووە، کە نەخۆشخانەی \" ئیمام خومەینی\"ی ئەو شارە لە بەشەکانی سی‌سی‌یو، ئای ‌سی‌یو، نەشتەرگەریی، ئۆرتۆپێدی، و بەتایبەت بەشی سووتاو لەگەڵ گرفتی بنەڕەتی بەرەوڕوون.

بەپێی گەڵاڵەی \"پێنجەمی گەشە پێدان\" هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٤ دەبێ ١٣٦ تەختی دیکە بەو نەخۆشخانەیە زیاد بکرێت.

ماڵپەڕی \"ناوەندی هەواڵ\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، سەرەڕای ئەوە کە وەزیری تەندروستی جۆزەردانی ساڵی رابردوو سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی کردبوو و بەڵێنیی زیاد کردنی ١١٠ تەختی دیکەی بەو نەخۆشخانەیە دابوو، بەڵام ئەو بەڵێنییە هەتا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

\"10411.jpg\"
بەرپرسی گشتیی کەلوپەلی پزیشکیی نەخۆشخانەی مەهاباد رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوە کە ٥٤ پزیشکی پسپۆڕ و گشتی لەو نەخۆشخانەیە کار دەکەن، بەڵام ژوورەکانی \"ئەندێسکۆپی، ئێسپێرۆمێتری، تاقیگە، و MRI لەو نەخۆشخانەیەدا بوونی نییە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە شاری مەهاباد زیاتر لە ٢٢٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.

بەپێی راپرسییەک کە لەماوەی ٦ مانگی رابردوودا لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی کە سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، دەرکەوتووە کە ٥٠% ی نەخۆشەکان لە خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی پزیشکی لەو نەخۆشخانەیە ناڕازین.

لە رووداوی ئاگرکەتنەوەی قوتابخانەی \"شیناوێ\"ی پیرانشاردا، بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و دەوا و دەرمانی پێویست لە شارەکانی \"پیرانشار، مەهاباد، نەغەدە و تەنانەت ورمێ\"، زۆربەی کچە قوتابییەکان کە تووشی ئەو رووداوە بوون، رەوانە نەخۆشخانەکانی تەورێز کران.