نەبوونی چاودێری بەسەر قوتابخانەکانی کوردستان، دەستدرێژیی بەکۆمەڵی لێ کەوتووەتەوە

20:16 - 29 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی خەمساردی و نەبوونی چاوەدێریی بەرپرسانی حکوومەتی، قوتابییەک لە قوتابخانەی دواناوەندیی گوندی \"نگڵ\"ی سەربە شاری سنە بە کۆمەڵ دەستدرێژی کرایە سەر.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش‌نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی١٥ی رێبەندان قوتابییەکی خەڵکی گوندی \"میانە\" کەلە قوتابخانەی \"شبانەروزی\"ی گوندی \"نگڵ\" سەرقاڵی خوێندن بووە، لەلایەن ٣ کەسەوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٧ هەتا ١٩ ساڵدا بووە، بە زەبری چەقۆ هەڕەشەی لێ کراوە و لە باخەکانی پشت گووندی نگڵ دەستدرێژی بە کۆمەڵ کراوەتە سەر.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە گوندی نگڵ، ئەو قوتابییەی خەڵکی گوندی میانە پاش ئەوەی کە لەلایەن ئەو ٣ کەسەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر، بە زەبری چەقۆ لە چەندین شوێنەوە بریندار کراوە.

بەوتەی هاووڵاتییانی خەڵکی گوندی نگڵ، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین حاڵەتی لەو چەشنە هاتۆتە ئاراوە، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمی و گوێ نەدانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو حاڵەتە بەردەوام لە دووپات بوونەوە دایە.

پێشتریش یەکێک لە قوتابییانی ناوچەی \"کەڵاتەرزان\"ی سنە بەناوی \"ف . ا \" بە کۆمەڵ دەستدرێژی کرابوویە سەر کە بەو هۆیەوە تووشی خەمۆکی و کێشەی دەروونی هاتووە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی خەوتنگەی ئەو قوتابخانەیە نە تەنیا لەمەڕ ئەو مەسەلەیە هێچ بەدواداچوونێکیان ئەنجام نەداوە، بەڵکوو بۆ شاردنەوەی کەموکۆڕییەکانی خۆیان، سەرپۆشیان لەسەر داناوە.

لەلایەکی دیکەوە، بنەماڵەی ئەو قوتابییە سەرەڕای بەدواداچوون و تۆمار کردنی سکاڵا، هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.