نەبوونی خزمەتگوزاری گوندەکانی کوردستان بەرەو چۆڵبوون دەبات

16:50 - 27 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لە گوندەکان، زۆربەی هاووڵاتییان گوندەکان بەجێ دێلن و روو لە شارەکان و شوێنەکانی دیکەی ئێران دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنووکە زۆرەبەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئەنجامی تێڕوانینی نەرێنی و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دانانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدان کردنەوە، تووشی چۆڵبوون هاتوون و گوندەکان بەرەو چۆڵبوون دەچن.

فەرمانداری شاری بیجاڕ لە دانیشتنێکدا لەگەل ئوستانداری کوردستان رایگەیاندووە، لە کۆی ٢٣٨ گوندی سەربە شاری بیجاڕ لە ئوستانی کوردستان ٦٧ گوند ئاوی خواردنەوەیان نییە و دانێشتوانی ئەو گوندانەش ئیزنی لێدانی چاڵاویان پی نادرێت.

فەرمانداری شاری بیجاڕ وێڕای ئاماژە کردن بە کەمبوونەوەی حەشیمەتی شاری بیجاڕ رایگەیاندووە، پەرە نەسەندن هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی حەشیمەتی شاری بیجاڕە و لە ماوەی ساڵانی ٨٥ هەتا ٩٠ حەشیمەتی بیجاڕ نزیک بە چوار هەزار کەس کەمی کردووە.

بیژەن زەندیە گوتوشیەتی: زۆربەی رێگەی گوندەکان ئیسفاڵت نەکراوەو لە کۆی هەزار و ٤٠٠ کیلۆمیتر رێگەی گوندەکان، تەنیا ٢٩ لەسەدی ئیسفاڵت کراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە نێونجی ئیسفاڵت کرانی ریگەی گوندەکان لە ئاستی ئوستاندا ٣٩ لەسەدە.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵدەریی مێهر بڵاوی کردۆتەوە، شاری ئیسلام‌ئابادی غەرب، کە ١٧١ گوندی هەیە، ٢٤ گوندی سەربەو شارە ئاوی خواردنەوەیان نییە و بڕیارە بۆ دابین کردنی ئاو بۆ ئەو گوندانە سێ چاڵاو لێ بدرێت.

نەبوونی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گوندانە لە کاتێکدایە، کە لەماوەی ساڵانی رابردووشدا ئەو چەند گوندە لەگەڵ کێشەی نەبوونی ئاو و بەتایبەت ئاوی خواردنەوە بەرەوڕوو بوونەتەوە.