نەبوونی بودجە داخرانی ٤ ناوەندی پزیشکی دادوەریی شارەکانی کوردستانی لێکەوتەوە

13:56 - 29 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ٤ ناوەندی پزیشکی دادوەریی لە شارەکانی سەقز، مەریوان، سەوڵاوا و دێولان لە ئوستانی کوردستان، بە یەکجاری داخران.

بەرپرسی پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەرییە ناوخۆییەکان، هۆکارەکانی داخرانی ئەو ناوەندە پزیشکیانەی بۆ کەمیی هێزی ئینسانی و پزیشکی پسپۆڕ، کەمیی مووچە، نەبوونی بودجەی پێویست و ئیمکاناتی ئاسایشی لەو ناوەندە پزیشکیانە، گەڕاندۆتەوە.

غوڵامڕەزا هومایوون باسی لەوەش کردووە، ئامادەبوونی پزیشک و کاردی پزیشکی لە شوێنی رووداوە دڵتەزێنەکان و پشکنینی تەرمی مردووەکان کارێکی یەکجار دژوارە و کەمیی مووچە و داهاتی کەم، هیچکات قەرەبووی ئەو سەختی و دژوارییە ناکاتەوە.

\"16906.jpg\"
غوڵامڕەزا هومایوون:ئامادەبوونی پزیشک و کاردی پزیشکی لە شوێنی رووداوە دڵتەزێنەکان و پشکنینی تەرمی مردووەکان کارێکی یەکجار دژوارە و کەمیی مووچە و داهاتی کەم، هیچکات قەرەبووی ئەو سەختی و دژوارییە ناکاتەوە
ئەو بەرپرسە گوتوشیەتی: داخرانی ئەو ناوەندە پزیشکییانە بوونەتە هۆی ئەوە کە هاووڵاتییانی شارەکانی سەقز، مەریوان، سەوڵاوا و دێوالان بۆ پشکنینێکی سەرەتایی و تەنانەت بۆ پشکنینی تەرمی مردوەکانیش سەردانی ناوەندی ئوستان دەکەن.

هومایون باسی لەوەش کردووە \" زۆربەی ئەو کەسانەی کە تووشی رووداو بوون، بەهۆی نەبوونی ناوەندی پزیشکی دادوەری لە شارەکەی خۆیان، لە تۆمار کردنی سکاڵا پاشگەز دەبنەوە کە ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لەمەڕ داخرانی ئەو ناوەندە پزیشکیانەی بەدواوە بووە\".

بە وتەی بەرپرسی گشتیی پزیشکی دادوەریی ئوستانی کوردستان : لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٦ هەزار و ٢٤٦ حاڵەتی شەڕ کردنی هاووڵاتییان و ٣ هەزار و ٣ حاڵەت برینداربوونی لە ئەنجامی رووداوی هاتووچۆ و ٢٠٧ حاڵەتی برینداربوونی کرێکاران لە ئەنجامی رووداوەکانی کاردا لە ئوستانی کوردستان تۆمار کراون.

داخرانی ئەو ناوەندانە لە حاڵێک دایە کە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٩ هەزار و ١٣٣ حاڵەتی پشکنین لە سەرجەم ئوستانی کوردستان تۆمار کراوە کە ئەو رێژەیە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوودا ١٨ هەزار و ٦٢٥ حاڵەت بووە کە بەگشتی ٣% رووی لە زیادبوون کردووە.