نیگەرانی ئەنجومەنی\"سەوزی چیا\" سەبارەت بە پاوانکردنی شوێنی تایبەتی گۆلی زرێبار لە لایەن ئۆرگانە نیزامییەکانەوە

16:19 - 22 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەنیسبەت دروست کردنی بینایەکی چەند نهۆمی لە شوێنی حەوانەوەی ئاژەڵەکان لە\"زرێبار\"دژکردەوەی نیشان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، زرێباری وەکوو\" گۆشتی قوربانی\"شوبهاند.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، سەرەڕای هەستیاری و پاساو هێناوەی بەرپرسان لە ڕاگەیاندنەکان و کۆبوونەوە ئیدارەییەکان بە نیسبەت زرێبار ڕایدەگەیەنن: لە بەر دلۆڤانی و ڕەحمەتی چەند بەڕێوەبەر و نابەرێوەبەر، ڕۆژانە بەشێک لە زرێبار لە ناو دەچێت.

ئەو ڕێکخراوە ژینگەپارێزیە لە درێژەدا دەڵێت، بەپێی لێکۆڵێنەوە بە دەست هاتووەکان، یەکێک لە ناوەندە نیزامییەکانی شاری مەریوان(هەنگی سنووری) لە شوێنی ژیانی ئاژەڵەکانی گۆلی زرێبار و بەبێ هیچ داواکاری و مۆڵەتی ژینگەی و سەرچاوەی سروشتی، هەوڵی دروست کردنی بینایەکی چوار نهۆمی داوە، کە ئەمە نیشانەی گوێ پێنەدان بە بواری سروشتی و ئێکۆسیستمی هەستیار و بەنرخی زرێبارە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای شاری مەریوان دروست کردنی ئەو جۆرە بینایانە بە نایاسایی و یاساشکێنی ناوەندە نیزامییەکان دەزانێ.

ئەو ئەنجومەنە نیگەرانی خۆی لە هەمبەر ئەو مەسەلەیە و شوێنی دیاری کراوی تاڵاوی زرێبار لەلایەن ناوەندێکی نیزامی بە جێگای پەرەپێدان بە ئێکۆتۆریسم دەزانێ.

ئەنجومەنی سەوزی چیا مەریوان داواکاری پێکهێنانی تیمێکی کارناسییە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو مەسەلەیە و هەروەها\" سەبارەت بە مۆڵەت نەدان بە پرسی دەستبەسەر داگرتن لە بواری ژینگەپارێزی و سەرچاوە سروشتییەکان\".