نیگەرانی رێکخراوە مەدەنییەکانی کرماشان سەبارەت بە فەوتانی کانی بڵ

14:42 - 18 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی ئوستانی کرماشان، جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆیان لەرزگارکردنی کانی بڵ دەربڕێوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە کۆبوونەوەی هاوفکریی ئەنجومەنەکانی ژینگەپارێزیی کرماشان لە ئیدارەی گشتی ژینگەپاریزیی کرماشان بەڕێوەچوو.

ئەو دانیشتنە بە مەبەستی هاودەنگی و کۆدەنگیی زیاتر لەسەر چارەسەریی کێشەکانی ژینگەی ئوستانی کرماشان پێکهاتووە و رزگارکردنی کانی بڵ خاڵی هاوبەشی نێوان ئەنجومەنەکان بووە.

شارەزایان لەو بارەیەوە ڕایان وایە، لەناوچوونی کانی بڵ لێکەوتەی نەرێنی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی بۆ سەر ناوچەکە دەبێت و لە ئەگەری ئاوگیری بەنداوی داریان، بووژاندنەوەو و رزگارکردنی کانی بڵ زۆر ئەستەم دەبێت.

کانی بڵ کە لە١٥ کیلۆمیتری شاری نودشە و سێ کیلومیتری ئاوایی مێژووی ـ مەزهەبی هەجیج هەڵکەوتووە لەهەر چرکەیەکدا سێ هەزار لیتر ئاوی هەیە و ئەو ئاوەش دڕژێتە رووباری سیروانەوە.

لە دانیشتنی رێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەدا ئەنجومەنەکانی\" ژینی سەوز، لاوانی ژینگە پارێز، چرۆ، ئاناهیتا و ئەنجومەنی بەرگریی لەئاژەڵان\" بەشدار بوون.

هەر لەو پێوەندییەدا رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە سەرپەرەستی رێکخراوی ژینگەپارێزی ئێران بە مەبەستی تاوتوێ کردنی کێشەی وردیلەکانی تۆز و خۆڵ و ژینگە سەردانی کرماشانی کردووە.

دەوترێت کە ئەو لێپرسراوە لەگەڵ ئەنجومەن و ناوەندە مەدەنییەکانی شاری کرماشان کۆبۆتەوە.

پێشتر ناوەندەکانی داکۆکی لەمافی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکانی ئێران بەشێوەی هاوبەش لەنامەیەکدا داوایان لەحکوومەتی ئێران کردبوو کە پێویستە لە ٧ قۆناغدا قەیرانی ژینگەیی چارەسەر بکەن.

ئەو ناوەندانە حکوومەتی ئێرانیان بە \" کەمتەر خەمی لە هەمبەر ژینگەی کوردستاندا\" تاوانبار کردبوو.