نیگەرانیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دانپێنانی زۆرەملێی دوو زیندانیی کورد لە تەلەفزیۆندا

15:59 - 22 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نیونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا، بە نیسبەت بارودۆخی دوو زیندانیی کورد نیگەرانی دەربڕی.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاند: لێبوردنی نێونەتەوەیی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی هوشمەند عەلیپوور و محەممەد ئوستادقادر، هیچ زانیارییەکی نییە، بەڵام سەرەڕای نیوەڕۆکی ئیدعاکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دانپێنان تەلەفزیۆنی بڵاوکراوە، نیگەرانە کە ئەم تۆمەتانە پەیوەندی بەو تاوانەوە هەیە، کە سزای لەسێدارەدانی بەدواوە دێت\".

دوو زیندانیی کورد لە ئێران بە ناوەکانی هوشمەند عەلیپوور و محەممەد ئوستادقادر، کە لە ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، بۆ ماوەی چەند حەوتوویەک لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ دنیای دەرەوە بێبەری بوون. لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران دانپێنانەکانی ئەوانی لە تەلەفزیۆن بڵاو کردەوە، ئەم زیندانییانە تەنانەت لە بوونی پارێزەری دەستنیشانکراویش بێبەری بوون و تەنیا پەیوەندییەکی کورتیان لەگەڵ بنەماڵەکەیان هەبووە.

لە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژدا، دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرنامەیەکی بڵاو کردەوە، کە لەوێدا، باسی لە \"دانپێنانی\" ڕۆڵی خۆی لە هێرش بۆ سەر پایگایەکی ئەمنییەتی هەڵکەوتوو لە شاری سەقز کردووە. ئەم هەواڵە پێشێلکارییەکی ڕوونی مافی دەسبەسەرکراوەکانە.

هوشمەند عەلیپوور لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانان، توانی لەگەڵ بنەماڵەکەی بە تەلەفۆن قسە بکات، ناوبراو دواتر باسی لەوە کرد، کە سەرەتا ئەو و دواتر محەممەد ئوستادقادر بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری بانە ڕاگوێزراون و لەوێدا بۆ دانپێنانی زۆرەملێ ئازار و ئەشکەنجە دراون.

وەزارەتی ئیتلاعات پاش دەسبەسەرکردنی هوشمەند عەلیپوور و محەممەد ئوستادقادر، ڕایگەیاندووە، کە ئەندامانی \"گرووپە جیاخوازەکان و تەکفیریـ\"ـیەکان کە هێرشیان کردبووە سەر پایگایەکی ئەمنییەتی لە شاری سەقز، دەسبەسەر کراون.

دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە لە بەشی فارسی ئاژانسی کوردپادا هەیە.