نیگەرانیی نەخۆشیی سالك لە ئیلام/تێكدانی روخساری منداڵان

16:21 - 26 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: نەخۆشیی سالكی تەڕ ماوەی چەند ساڵێكە لە ئیلام لەجیاتی بنبڕ بوون، رووی لە زیادبوون كردووە و بەتایبەت لە شاری دێهلوڕان و دەرووبەری جێگای نیگەرانیە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی میهر، پارێزگای ئیلام كەلە زۆرێك لە ئیمكانات و پێداویستیی تەندروستی بێبەریە، خەڵكەكەی بەدەستیەوە دەناڵێنن، وەك حەفتەمین پارێزگالی ئێران دێتە ئەژمار كە رووبەڕووی نەخۆشیی سالك بۆتەوە و ئەم نەخۆشییەش لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا لەباتی بنبڕبوون رێژەی تووشبوانی دوو بەرابەر بۆتەوە.

بەپێی هەمان راپۆرت شاری دێهلوڕان و دەرووبەری و بەتایبەت لەناو منداڵاندا زیاتر پەرەی سەندووە و هەتا ئێستا حكوومەت هیچ هەنگاوێكی بۆ چارەسەریی و بنبڕ كردنی هەڵنەگرتووە.

\"9453.jpg\"
نەخۆشیی سالك جۆرێك نەخۆشیی پێستیی مرۆڤ و كەلە رێگای پێوەدانی مێشوولەی خاكیی ئالوودە بە میكرۆب لە كاتی هەڵمژینی خوێنی كەسەكاندا مرۆڤ تووشی دەبێت و بە دوو جۆری \"سالكی وشكی شاری\" و \"سالكی تەڕی گوندی\" دەناسرێت.

بەرپرسی تۆڕی تەندروستیی شاری دێهلوڕان لە لێدوانێكدا لەگەڵ هەواڵدەریی میهر وتوویە نەخۆشیی سالك لەم شارە و دەورووبەری روو لە زیادبوونە و جێگای مەترسیە و بنكە تەندروستییەكان بەتەنیا توانایی بنبڕكردنیان نیە و سەرەڕای چەندین جار ژارپاشی كردنی ناوچەكە هیچ بەرەنجامی:كی نەبووە.

شەریفی بەرپرسی تۆڕی تەندروستیی شاری دێهلوڕان یەكێك لە هۆیەكانی زیادبوونی نەخۆشیی سالك لە شاری دێهلوڕانی گەڕاندۆتەوە بۆ كەڵەكەبوونی زبڵ و پیسایی لەناو شار و چەندین گەڕەك و ناوچە تووشی ئەم نەخۆشیە بوون.

بەڕای كارناسانی تۆڕی تەندروستیی دێهلوڕان ئیدارە و ناوەندە پێوەندیدارەكانی شاری دیهلوڕان بۆ بنبڕكردنی نەخۆشیی سالك یارمەتیی ناكەن و هەرچەند لەم بارەوە ئایین نامەیەكیش پەسند كراوە، بەڵام رەچاوی ناكەن و ئەمەش هۆیەكی دیكەی پەرەسەندنی نەخۆشیی سالكە.

لەم پێوەندییەدا منداڵان زیاتر لە هەر توێژێكی دیكە تووشی نەخۆشیی سالك دەبن و هەواڵنێری میهر وتووێژی لەگەڵ چەند كەسێك لەو منداڵە تووشبوانە كردووە كە سیما و جوانییان بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە ناشیرین بووە.

برینی سالكی تەڕ پاش دەرمان كردن و چاكبوونەوە شوێنەكەی دەمێنێت و بە تەواوەتی بە جوانی و روخساری كەسی تووشبووە دەمێنێتەوە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكانی خودی حكووومەت رێژەی تووشبوان بە سالك ساڵی 1379ی هەتاوی لە شاری دیهلوڕان 255 كەس بووە، ئەمە لە حاڵێك دایە كە ساڵی 1390ی هەتاوی رێژەی تووشبوان گەیشتۆتە 402 كەس.