نیزامیی گەری حکوومەتی ئێران لە کوردستان پەرەدەستێنێ

13:46 - 13 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بە ناردنی چەک و چوڵی قورس کەش و هەوای کوردستان زیاتر میلیتاریزە دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چەک و چۆڵی قورسیان ڕەوانەی شاری شنۆ سەر بە پاڕێزگای ورمێ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاندووە: ئەو چەک وچۆڵە قورسانە لە جۆری تانک، تۆپ و کاتیوشا بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ڕەوانە کردنی ئەو چەک و چۆڵانە بە شێوەی بەربڵاو لە ئاستی شاردا، ترس و دڵەڕاوکێی لە نێو هاووڵاتییانی شاری شنۆدادرووست کردووە.

بەرپرسانی سپای پاسدران ئامانج لە ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورس بۆ کوردستانیان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووە.

چالاکانی سیاسی کوردستان بەڕەت کردنەوەی ئیدعای سپای پاسداران، ئەو جۆرە هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پێشگیری لە ڕەوتی پەرەسەندن و کرانەوەی کەش و هەوای سیاسی لە کوردستان ڕادەگەیەنن.

لە کاتی هاتنە سەر کاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەتا ئێستا ڕوانگەی حکوومەت بە نیسبەت کوردستانەوە \"ئەمنیەتی\" بووە.

\"\"
نیزامیی گەری حکوومەتی ئێران لە کوردستان پەرەدەستێنێ


\"\"
نیزامیی گەری حکوومەتی ئێران لە کوردستان پەرەدەستێنێ


\"\"
نیزامیی گەری حکوومەتی ئێران لە کوردستان پەرەدەستێنێ