نوێنەرێکی پێشووی مەجلیس: دەبێ پێداچوونەوە بە زۆربەی روانگەکاندا بکرێ

19:12 - 27 رەشەمه 2714
میدیا حکوومەتییەکان لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٢ی هەتاویدا و پاش هەڵبژاردنەکان، بەشداریی کوردەکانیان بەتایبەتی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا \"بەرچاو\" راگەیاند، بەڵام بەپێی راپۆرتی چەند حەفتەی رابردوودا میدیاکانی سەربە دەوڵەتی رۆحانی، بڵاویان کردەوە کە لە ١٦٠ پۆستی بەڕێوەبەرایەتیدا لە وئستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، تەنیا ٥ پۆست بۆ کوردەکان دیاریکراون.

دیاریکردنی لەسەدا ٣ی پۆستەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بۆ کوردەکان لە حاڵێکدایە کە ئامارە نیوە فەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە لەسەدا ٦٠ی حەشیمەتی ئەو ئوستانە کوردەکان پێکی دێنن.

حاسل داسە یەکێک لە چالکانی سیاسیی کورد و نوینەری پێشووی شارەکانی پیرانشار و سەردەشت، بە وتندی رەخنە لە کارکردی دەوڵەتی رۆحانی دەگرن.

ئەو نوێنەرەی خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا، دەڵێت: دەوڵەتی مشوور و ئومێد هەتا ئیستاش قەرزداری لایەنگرانی خۆی لەو ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادایە.

کوردپا: نوێنەری مەجلیس هەتا چ رادەیەک لە دیاریکردنی بەرپرسانی دەوڵەتی لە بیاڤی سیاسی و ئیدارییەوە لەو ناوچەیەی کە تیایدا دەنگیان هێناوەتەوە، رۆڵیان هەیە؟

\"25474.jpg\"
حاسڵ داسە: لە پراکتیکدا دەیان جار بیندراوە کە نوێنەران چوونەتە بەشی ئیجرایی و لەگەڵ وەزیرەکان لەسەر دەستنیشان کردن و دانانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان چەنەیان لێداوە
حاسڵ داسە: بەپێی یاسای بنەڕەتی، ئەرکی مەجلیس پەسندکردنی یاسا و چاوەدیری کردن بەسەر جێبەجێ کردنیدایە. لەلایەکی دیکەشەوە هەر ئەو یاسای بنەڕەتییە باسی لە سەربەخۆیی دەسەڵاتەکان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نوێنەرانە مافیان هەیە روانگەی خۆیان لە سەر هەموو کاروباری نێوخۆدا دەرببڕن. بەڵام ئەمە تەنیا لەسەر لاپەڕەی کتێبەکان هەیە. لە پراکتیکدا دەتوانین بڵێین لە وڵاتی ئێمەدا هەموو شتێک ئیمکانی هەیە. کاتێک نوێنەر مافی پرسیار، لێپرسینەوە و هۆشداریدان و ... هەیە و دەبێ ئەم هێزە لە رێگەی جێبەجێ کردنی دروستی یاسا و مافی هاووڵاتییاندا بەکاری بێنن، بەڵام لە پراکتیکدا دەیان جار بیندراوە کە نوێنەران چوونەتە بەشی ئیجرایی و لەگەڵ وەزیرەکان لەسەر دەستنیشان کردن و دانانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان چەنەیان لێداوە. تەنانەت هێنانە ئارای پرسیارەکان هێندێک جار بە مەبەستی فشار خستنەسەر وەزیرەکان بۆ دیاریکردن یان لابردنی بەرپرسێکی ئیداری یان سیاسی بووە. کەوابوو دەتوانین بڵێین نوێنەران لە وڵاتی ئێراندا کاریگەریی ناڕاستەوخۆیان هەیە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوەیکە نوێنەری مەجلیس پێداگری لەسەر ئەوە بکات کە بەرپرسی لێزان لەمەڕ پرس و بابەتەکان، ئاشنا بە ناوچە و ئاگاداری کێشە و گرفتەکان بێت، لە خۆیدا شتێکی خراپ نییە و دەتوانێ یارمەتیی دەوڵەت و هاوکات وڵامدەری ویستی خەڵکیش بێت.
بەداخەوە هێندێک جار بەرژەوەندیی خەڵک لەبیر دەکرێ و هەم نوێنەری مەجلیس و هەم دەوڵەتیش لە بیری بەرژەوەندیی بچووکتردان و لەو بارەیەوە نوێنەری مەجلیس بە شوێن بەرپرس و بەڕێوبەرێکی تایبەتیدا دەگەڕێ کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەرژەوەندییەکانی لەبەر چاو بگرێت. وەزیریش بۆ رازی کردنی دڵی نوێنەرانی مەجلیس و خۆدەرباز کردن لە پرسیار و وڵامدانەوە، خۆی لە دانانی بەرپرسی لێزان و شیاو دەبوێرێ. ئەم دوو هەڵسوکەوتە لەلایەن دەوڵەت و مەجلیسەوە وەکوو مقەست کار دەکات کە لە ئەنجامدا بەرژەوەندییەکانی خەڵک لە بن و ریشەوە دەردینێت.

کوردپا: لەماوەی چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک رەخنەی توند بەرەوڕووی نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەمەڕ دانانی بەرپرسانی دەوڵەتی کراوەتەوە. ئاخۆ ئێوە لەگەڵ ئەو رەخنانەدا هەن؟

حاسڵ داسە: ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا دەبێ بە شێویەکی تایبەتی شڕۆڤەی بۆ بکرێت. ئامانج لە فەلسەفەی هەبوونی دەوڵەت و مەجلیس بەدەر لە وڵامدانەوە بە خواستی خەڵک و رازی کردنی دڵی خەڵک نییە. ئەگەر ئەم مەبەستە بپێکێت هەبوونی دەوڵەت و مەجلیس شتێکی زیادییە. ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا زیاتر لەسەدا ٦٠ی دانیشتوانەکەی هاووڵاتییانی کورد پێکی دێنن. کوردەکان لەوپەڕی تەریک کەوتنەوەدا و لە بەڕێوەبەرایەتیی ئوستاندا رۆڵێکیان نییە، لێرەدا دەوڵەت دەبێ لە قۆناغی یەکەمدا بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک کارێک لەپێناو کەمکردنەوەی خەساری کەلینە نەتەوەیی و زمانییەکان، راستەوخۆ هەست بە بەرپرسیارەتی و مەترسی بکات و لە رێگەی بەشدرای پێکردنی کوردەکان لە بەڕێوەبەرایەتییە سەرەکییەکاندا رێگە لە بزاوتە رادیکاڵ و توندڕەوەکان بگرێت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە نوێنەرە کوردەکان هیج بەرپرسیارەتییەکیان نییە. هەر وەک ئاماژەی پێکرا ئەوانیش بە سەرنجدان بە پێکهاتە و شیرازەی کۆمەڵگە و بە مەبەستی یارمەتیدان بە ئەمنیەتی بەردەوام و رەواندنەوەی نیگەرانی لەمەڕ بەشخوراویدا، دەبێ بەشێوەیەکی بەهێز لەگەڵ دەوڵەت و دەزگاکانی دیکە بکەوێتە دانوستانەوەو بۆ دەستەبەربوونی مافی بەرابەر و هاسەنگیی دەسەڵات کەڵک لە ئامرازەکانی خۆی وەربگرێت، کە بەداخەوە هەتا ئێستا ئەو ئامرازەیان بەکار نەهێناوەو وایان نەکردووە.

نوێنەر دەبێ دەنگی خەڵک بێت، یەکێک لە داخوازییەکانی خەڵک بەشداری پێکردنیان لە دەسەڵات و متمانە پێکردنیانە. ئەگەر نوێنەر خواستی خەڵک بە کەم بگرێ، بە دڵنیاییەوە لەبەر چاوی خەڵک دەکەوێ و هیچ نوێنەرێک نەیتوانیوەو ناشتوانێ بەرژەوەندییە سەرەکی و ویستە بنەرەتییەکان بکاتە قوربانیی پرس و بابەتە بچووکەکانی رۆژ.

کوردپا: تێکڕای نوێنەرەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا کە ٦ نوێنەری کورد و ٦ نوێنەری تورکن، بە بەراورد لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئوستان کە تەنیا لەسەدا ٣ی بەڕێوەبەرایەتییەکەی کوردەکان پێکی دێنن لە راستی نزیکترە. کەوابوو بۆچی ئەو \" ٦ نوێنەرە تورکە\" دەنگیان لەو \"٦ نوێنەرە کوردە\" باشتر دەڕوا؟

حاسڵ داسە: وەک ئاماژەی پێکرا بەڕێوەبەرایەتیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ساڵی رابردوودا لەگەڵ بەرژەوەندیی میللی مەودای ئێجگار زۆری هەیە. کاتێک ئەو ئوستانە دەتوانێ لە ریزی ئوستانە سەرکەوتووەکاندا جێگەی بۆخۆی بکاتەوە، کە هەموو هاووڵاتییان بەبێ هەڵاواردن ژیان ببەنە سەر و لە بواری شانازییەکانیشەوە لە یەک ئاستدا بن. کاتێک دەکرێ باس لە یەکیەتی و یەکگرتوویی بکەین کە بەرلەوەی کوردێک بەدەست هەڵاواردنەوە بناڵێنێ، دەبێ هاووڵاتییەکی تورک داکۆکیی لێ بکات. لێرەدایە کە دەبێ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ لە خۆشی و بەختەوەری و تەژی لە رێز و حورمەت، داوا لە بلیمەتەکانی تورک بکرێت کە بێدەنگ نەبن. هاووڵاتیی راستەقینە ئەو کەسەیە کە سەبارەت بە هەڵاواردن لەگەڵ جیرانەکەی بێدەنگ نەبێ، بەڵام بە نیسبەت نوێنەرەکانەوە دەتوانین بڵێین کە دەبێ هەوڵ بدەن تێڕوانینی ئایدیۆلۆژییەکان، ئەمنی و نەرێنییەکان بە گوتار و وتوێژ و چاوپێکەوتنەکان کەمڕەنگ و تەنانەت بێڕەنگ بکەنەوە. ئەم تێڕوانینە پێویستیی نەسلی ئەمڕۆیە و کەمتەرخەمی و گرینگی پێنەدان بەو مەسەلەیەش وەکوو بۆمبێکی قورمیشکراوی لێ دێت کە هەردەم مەترسیی تەقینەوەی لەو ئوستانەدا لێ دەکرێ.

کوردپا: بە باوەڕی ئێوە کێشەی سیاسی لە مەجلیس (زۆربەی نوێنەران) لەگەڵ دەوڵەتی مشوور و ئومێد لە تاران لەسەر پێکهاتەی سیاسی و ئیداری کاریگەریی داناوە و ئەوەشی کە نمرەی قەبووڵی بدرێت بە رۆحانی دەبێ چاو لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە مانگی رەشەمەی ٩٤دا بکەین؟

حاسڵ داسە:
خەڵکی ناوچە کوردنیشینەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ٢٤ی جۆزەردانی ٩٢دا زۆرترین دەنگیان دایە رۆحانی. خەڵک ئەمجارە بە داخوازییەوە ئەو دەنگەیان دا و متمانەیان بە بەیاننامەی حەسەن رۆحانی کرد. رۆحانی بەڵێنیی ئەوەی پێدان کە هەڵاواردنەکان نەهێڵێت و بۆ بەرپرسیارەتییە ئاست نێونجی و سەرەتاییەکان کەڵک لە کوردەکان وەربگرێت. لەم بارەیەوە خەڵک چاوەڕوانییان لە دەوڵەت و نوێنەران هەیە و هەتا ئێستاش دەوڵەت قەرزداری خەڵكە. دەوڵەت هیچ کار و پۆستێکی شیاوی بە کوردەکان و تەنانەت ئەوانەشی کە لایەنگری دەوڵەتی مشوور و ئومێد بوون، نەسپاردووە. خواست و هەستی خەڵک لەبەرچاو نەگیراوەو دەتوانین بڵێین کە لەبیریش کراون. بە بڕوای من دەوڵەت لەو ئوستاندا کارنامەی سەرکەوتن یان قەبووڵی وەرناگرێ و چالاکانی سیاسی بە توندی رەخنە لە دەوڵەت دەگرن و زۆربەیان لە بەڵینیەکانی دەوڵەت نائومید بوون.

کوردپا: رۆڵی ناوەندە ئەمنی– نیزامییەکان و هێزە سوننەتییەکان (نوێنەرانی خامنەیی) لە تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان بەڕێوەبەرانی کورد (سوننی مەزهەب) و تورک (شیعە مەزهەب)دا چییە؟

حاسڵ داسە:
نابێ گومان لەوە بکەین کە ئەو ناوەندە بە چاویلکەیەکی دیکەوە بڕوانێتە پرس و بابەتەکان و خەمڵاندنیان بۆ خستنە پەراوێزی کوردەکان هیچ یارمەتییەک نەک بە نیزام، بەڵکوو بە خەڵکیش ناکات. دەبێ چاوخشاندنەوە بە زۆربەی تێڕوانین و روانگەکاندا بکرێت. یارییەکە بە کۆی \"صفر(هیچ)\" کۆتایی هاتووە. هەنووکە ئەو پرسە بە تێروانینی ئەرێنی چارەسەر دەبێت. هێزی نەرم و دێمۆکراسی جێگەی بە هێزی زبر و توند، لێژ کردووە.

کوردپا: هێندێ کەس بەشداری نەکردنی بەربڵاوی کوردەکان یان بایکوتی هەڵبژاردنەکان بە هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە پۆستەکانی دەسەڵات لە ئوستانی ئازەربایجان لە قەڵەم ئەدەن، بۆچوونی ئێوە لەو بارەیەوە چۆناوچۆنە؟

حاسڵ داسە:
بە بڕوای من کوردەکان لە هەڵبژاردندا بەشدارییان کرد. رەنگە یەکێک لەو فاکتۆرانەی کە یارمەتی بە بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵک بکات، پێکهاتە مەدەنییەکان بن. ئەگەر کوردەکان ئیزنی ئەوەیان پێ بدرێ کە رێخکراوی مەدەنی و حیزبی یاسایی خۆیان هەبێت، بە هێزیکی زیاترەوە دەتوانن بچنە دانوستان و وتوێژی سیاسی و ئابوورییەوە. مەبەستی من دروست ئەوەیە کە کوردەکان نابێ بێ لایەن بن. ئەوە باو مانایە دێ کە بە هەر نرخێک بەشدرای لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، ئەگەر پاڵێوڕاێک جا سەرکۆمار، نوێنەری مەجلیس یان شۆرای شاریش بێت، بەرنامەیەکی بۆ وڵامدانەوەی خەڵک نەبێت، ئەوا مافی ئەوەیان هەیە کە بەشداری لە هەڵبژاردندا نەکەن و دەنگیش نەدەن. ئێمە دەبێ هەنگاو بەرەو دامەزرانی رێکخراوە خەڵکییەکان بنێین کە بە‌هێزبوونیان مەترسیی دیکتاتۆری لەنێو دەبات. کەوابوو بە وڵامدانەو بەم پرسیارە روون بوویەوە کە بەشداری نەکردنی کوردەکان لە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی و ئابووریدا پەیوەندیی بە بەشداری کردنیان لە هەڵبژاردنەکاندا نییە. هۆکارە بنەڕەتییەکەی لەو یاسایانەی ئێستادا نییە. رەنگە بۆ هێندێک یاسا بگەڕێتەوە کە من زانیاریم لەسەر ناوەڕۆکەکەی نەبێت!!!!

کوردپا: ئەگەر داوا لە ئێوە بکەین کە کار و چالاکیی نوێنەرە کوردەکان ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بخەنە بەر رەخنە، لە پێشدا گرینگی بە کام پرس و بابەت ئەدەن؟

حاسل داسە:
نەهێشتنی هەڵاواردن و سووکایەتی کردن بەبێ هیچ تێڕوانینێک سەرەکی‌ترین خواستی خەڵکە، کە زۆر بەکەمی گرینگیی پێ ئەدرێت، گرینگیدان بە زمان و فەرهەنگ و شوناس و بودجە بۆ بەهێز کردنی کاری بنچینەیی، بۆ نموونە ئەو خاڵانەی سەرەوە و بێدەنگ بوون سەبارەت بەو پرسانە، رەخنەیەکی بەجێ لەسەر نوێنەرەکانە. مەسەلەی هەڵسوکەوتی توند و ناشارستانی لەگەڵ چالاکانی سیاسی و پرسی کاسبکاران و کوشتنی کاسبکاران و تەنانەت وڵاغەکانیشیان، پرسی بێکاریی لاوان و رەت کردنەوەیان لە کاتی دامەزراندن و وەرگیرانیان لە ئیدارە و ناوەندە حکوومەتییەکان، کەڵک وەرگرتن لە خەڵکی ناخۆجێیی و سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو هێزە خوێندەوار و شیاوە خۆجێیە و میدیا کوردییەکان و شێوەی کارکردی ناوەندی دەنگ و رەنگ ئەو بابەتانەن کە خەڵک چاوەڕوانیی لێیان هەیە.

کوردپا: ئێوە لەگەڵ دامەزراندنی ئوستانی کوردستانی باکوور بە ناوەندیەتیی مەهاباد، رازین؟ بۆچی؟

حاسڵ داسە:
بێگومان دامەزراندنی ئوستانی کوردستانی باکوور و هێنانە ئارای ئەو گەڵاڵەیەش خەیانەتێکەو شیاوی لێبوورین نییە. کوردەکان لە کاتێکدا زیاتر لە سەدا ٦٠ی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا پێک دێنن، ئیزنی ئەوەیان پێنەدراوە کە بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەت لە داهات، سامان و هەل و دەرفەتەکاندا بەشدار بن و کەلک وەرگرن.

ئەگەر ئوستانێکی دیکە دابمەزرێت کوردەکانی باکووری ئەو ئوستانە وەکوو شارەکانی سەڵماس، ماکۆ، شووت و خۆی و تەنانەت تیکاب، سایین قەڵا و میاندواویش زیاتر لە جاران دەخرێنە پەراوێزەوە. هەتا ئەوکاتەی ناوەندگەرایی نەیەتە ئاستی بنەماکانی دێمۆکراسی و مافی بەرابەر، دابەشکردنی جوغرافیا وڵامدەری ویست و داخوازیی کوردەکان نابێت و ئەگەریش وەها ئوستانیک پێک بێت، هەتا ئەوکاتەی ئەو روانگە هەڵاواردنکارانەی پێشوو، چارەنووس ساز بن، ئازارێک لەو ئازارانەی خەڵکی کورد کەم نابنەوە.