نوێنەری وەلی فەقیهـ لە ورمێ بڕیارێکی بە دژی هاووڵاتییانی کورد دەرکرد

15:36 - 6 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری وەلی فەقیهـ لە ورمێ ڕووداوی ئازاری جنسی قوتابییەکی کورد و ناڕەزایەتییەکانی دوای ئەو ڕووداوی به \"فینتە\" زانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەید مەهدی قوڕەیشی\" نوێنەری وەلی فەقیهـ لە ورمێ لە گوتاری ڕۆژی هەینی ٥ی خەزەڵوەر، ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی لە هەمبەر ئازاری جنسی کچێکی تەمەن دوازدە ساڵە، لە لایەن خزمەتگوزاری قوتابخانەی \"راه شهدا\" بە نالەبار لە قەڵەم دا.

ناوبراو باسی لەوە کردووە: \"ئەو ڕووداوانە جێگای قەبووڵ نییه، بەرپرسان دەبێ بە توندی دژی بوەستنەوە، بەڵام هێندێک نابێ کەڵکاژۆی لێوەر بگرن، تاوانبار دەبێ بدرێتە دەستی قازی نە ئەوەیکە بە هۆی ئەو کارەساتە ماشین ئاگر بدرێت و گیانی خەڵکی بخرێتە مەترسیەوە، ئەوە قەبووڵ ناکرێت\".

نوێنەری وەلی فەقیهـ جەختی کردووەتەوە: \"ئەگەر دەستدرێژی بە نامووسی تورک، کورد، شێعه و سونی کرا، نابێ خەڵک بێنە سەر شەقام و ماشین و قوتابخانە ئاگر بدەن و کەسانێک کە ئەو ئاڵۆزییەیان هەڵگرساندووە مەحکوومن\".

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر، پاش ئازاردانی کچێکی کەم تەمەن لە لایەن دەرگاوانێکی تورکەوە، هاووڵاتییانی شارۆچکەی ئیسلامئاوا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین هێرشیان کردە سەر قوتابخانەی کچانەی \"راە شهدا\" و ئاگریان تێبەردا.

هاووڵاتییانی دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامئاوای ورمێ، پاش بیستنی ئەو ڕووداوە قوتابخانەکە و ماڵی دەرگاوانە تورکەکە و تەنانەت بنکەیەکی بەسیجیان لەو پەیوەندییەدا ئاگر تێبەردا.

لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و ژمارەیەک هاووڵاتیی دانیشتووی شارۆچکەی ئیسلامئاوایان دەسبەسەر کردووە.

پێشتر هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو کچە ١٢ ساڵەیە کردووە، لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەندەکاندا لەگەڵ هەڵسووکەوتی قەزایی بەڕەوڕوو دەبنەوە.