نووسەرێکی کوردی خۆراسان، خەڵاتی زێڕینی "بلە"ی سالی ٢٠١٣ی پێ بەخشرا + وێنــە

14:42 - 7 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: کەلیموڵڵا تەوەحودی نووسەری بەتوانای کوردی خۆراسان، لەلایەن رێکخراوی برایم ئەحمەد \"بلە\"وە خەڵاتی زێڕینی ساڵی ٢٠١٣ی ئەو رێکخراوەی پێ بەخشرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا بەبەشداریی چەندین کەسایەتی ئەدەبی و فەرهەنگیی کورد مەڕاسمی خەڵاتی زێڕینی بلە بۆ ساڵی ٢٠١٣ لە یادی ١٣ ساڵەی کۆچی دوایی \"ئیبراهیم ئەحمەد\"دا کە ساڵانە دەبەخشرێتە چەندین کەسایەتیی دیارو نمونەی کورد، لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لە بڕگەیەک لەو مەڕاسیمەدا \"شاناز ئیبراھیم ئەحمەد\" کچی مامۆستای کۆچکردوو وتای رێکخراوی ئیبراھیم ئەحمەدی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ھەموو خەمێکی خوالێخۆشبوو ئیبراھیم ئەحمەد گەیشتنی گەلەکەی بەماف و داوا ڕەواکانی بووە.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا، \"مریەم محەمەد مستەفا وەک\"دایکی نموونە، \"رۆژان ئیبراھیم فەقێ\" وەک خوێندکاری نموونە، \"شڤان پەروەر\" وەک ھونەرمەندی نموونە، \"فاروق عەلی مەولود\" وەک پێشمەرگە\"ی نموونە خەڵات کران

هاوکات کەلیموڵڵای تەوەحودی نووسەری کوردی خەڵکی خۆراسان \"خەڵاتی نووسەری نموونە\"ی پێ بەخشرابوو.

تەوەحودی لە کاتێکدا سەرقاڵی وەرگرتنی ویزا بەمەبەستی بەشداری کردن لەو مەڕاسیمەدا بووە، مەڕاسمی ناوبراو بەڕێوە چووە، بۆیە ئەو نووسەرە کوردە لەلایەن \"دەفتەری نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە تاران\"ـەوە خەڵاتەکەی پێشەکەش کرا.

کەلیموڵڵا تەوەحودی کوڕی شێخ ئەسەدوڵڵا تەوەحودی لە رێکەوتی ١٣٢٠ی هەتاویدا لە گوندی \"ئوغازی تازە\" لە دایک بووە و هەتا ئیستا چەندین کتێبی وەک: \"کۆچی مێژوویی کوردەکان بۆ خۆراسان لە ٨ بەرگدا (٦ برگی لە چاپ دراوە)، دیوانی جەعفەر قولی، ئەسفەراین لە دوێنێوە هەتا ئەمڕۆ، گۆرانییە کرمانجییەکان بە وەرگێڕانی فارسییەوە، داری چل دەستان و نادری خاوەن‌قڕان\"ی چاپ و بڵاو کرۆتەوە.

ساڵانە رێکخراوی ئیبراھیم ئەحمەد خەڵاتی زێڕینی بلە دەبەخشێت بەو کەسانەی کە جێ دەستیان دیارەو بەھەوڵ و ماندوبوونیان دڵسۆزانە خزمەت بەگەل و نیشتمانەکەیان دەکەن.

ئیبراھیم ئەحمەد ساڵی ١٩١٤، لەبنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی لە‌دایکبووە و ساڵی ١٩٣٧ لەشاری بەغداد کۆلێژی یاسای تەواو کردووە.

ئەو نووسەرە کوردە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا جیا لە کاری نوسین و رۆژنامەنووسی، بەشێوەی بەرچاو بەشداری لە خەباتی سیاسیی کورددا کردووە و بەدامەزرێنەر و لێپرسراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان \"ژ.ک\" لە باشووری کوردستان دەناسرێت‌و هەروەها ساڵی ١٩٦١ی زایینی سکرتێری پارتی دێمۆکراتی کوردستانی لە ئەستۆ بووە.
\"12948.jpg\"

\"12949.jpg\"

\"12950.jpg\"