نمایش کردنی شانۆی بەناوبانگی کەرگەدەن لە شاری سەقز

21:19 - 21 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: شانۆی بەناوبانگی کەرگەدەن، لە دەرهێنەریی هونەرمەندی کورد سامان سەید ئیبراهیمی و بە زمانی کوردی لە شاری سەقز نمایش دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شانۆی کەرەگەدەن، کە باس لە ئاکار و هەڵسووکەوتەکانی نێو کۆمەڵگە دەکات، بۆ سێیەمین جار لە وڵاتی ئێران نمایش ئەکرێت.

شانۆی کەردگەدەن لەلایەن \"ئوژن یوونسکۆ\" نووسەری ناسراوی فەڕەنسییەوە نووسراوە و لەلایەن \"زاهید ئادەمی\"یەوە وەرگێڕدراوە سەر زمانی کوردی و یەکەمجار لەلایە \"جەلالی ئالی ئەحمەد\"ەوە کراوەتە فارسی.

ئوژن یونسکۆ، سەبارەت بە شانۆنامەی کەرگەدەن نووسیویەتی؛ من ماوەی ١٠ ساڵ سەرقاڵی نووسینی کۆمەڵێک شانۆنامەی پووچ بووم، بەڵام شانۆنامەی کەرگەدەن لەگەڵ بەرهەمەکانی دیکەم یەکجار زۆر جیاوازیی هەیە.

شانۆی کەرگەدەن، چیرۆکێکی تەوساو(تەنز)ی و هاوکات تاڵە، کە بە وتەی زۆرێک لە نووسەران بۆ ماوەیەکی زۆر و لە زۆر حاڵەتیشدا هەتا کۆتایی تەمەن لە یادی ئینسانەکاندا دەمێنیتەوە.

ئەو شانۆیە کاتژمێر ٨ و نیوی شەوانی ٢١ی هەتا ٢٩ی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لە ئامفی تیاتری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی سەقز نمایش دەکرێت.