نزیك بە هەزار پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا شەهید بوون

14:43 - 16 رێبەندان 2714
ئاژانسی كوردپا: ئامار و رێژەی شەهید و بریندارەكانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی داعش، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە راگەیەندرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە دەسپێكی هێرشەكانی \" دەوڵەتی ئیسلامیی\" بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان هەتا ئێستا چوار هەزار و ٥٩٦ پێشمەرگە بە هۆی تەقینەوەی مین و كەرەسە جەنگییەكانەوە بریندار بوون.
ئەو ئامارە لەلایەن جێگری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاو كراونەتەوە.

جەبار یاوەر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا ژمارەی شەهیدەكانی ٩٩٩ كەس راگەیاندووە كە لە رێكەوتی ٢٠ جۆزەردانەوە هەتا ١٤ی رێبەندان لە شەڕی دژی داعش گیانیان لەدەست داوە.

\"24555.jpg\"
جەبار یاوەر: تا ئیستا لە بەرەنگار بوونەوە بە دژ داعش ٩٩٩ پێشمەرگه شەهید بوونە
وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانی سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی تەرمی هێزە چەكدارەكانی داعش لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەربڕیوە و ئەو هەوڵەی لە بەرژەوەندی ئەو هێزە ملیشیایەدا زانیوە.

ئەو بەرپرسە داوای لە هێزی پێشمەرگە كردووە، نابێ‌بێ‌رێزی و سووكایەتی بە دیل و تەرمی چەكدارانی داعش بكرێت.

جەبار یاوەر سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەش لە كۆبانی وتی: ئەو هێزانە لەسەر بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوێ‌جێگیر كراون و هەر لەسەر بڕیاری مەسعوود بارزانیش دەگەڕێندرێنەوە.