نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەسی نەخوێندەوار لە ٢ پارێزگای کوردنشین دا بوونی هەیە

21:06 - 5 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسێکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کوردستان رایگەیاند: ٢٨٦هەزار و ٢٣٩ کەسی نەخوێندەوار لەو پارێزگایە دا بوونی هەیە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری \"ئەکبەر عەزیمی\" جێگری ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پاریزگای کوردستان بڵاوی کردەوە، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ٢٨٦ هەزار و ٢٣٩ کەسی نەخوێندەوار لە پاریزگای کوردستان دا بوونی هەیە، بە شێوەیەک هیچکامیان توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەش دا، لە کۆی ئەو رێژەیە ١١١ هەزار و ٩١٧ کەس تەمەنیان لە نێوان ٦ هەتا ٥٠ ساڵ دایە و ئەو کەسانەی دیکە تەمەنیان لە ٥٠ ساڵ بەرەو سەرترە.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە تەنیا ئەو کەسانەی تەمەنیان لە خوار ٤٩ ساڵەوەیە دەتوانن بەشداری لە خولەکانی \" نهضت سواد آموزی\" دا بکەن و هەروەها زۆربەی گوندەکانی کوردستانیش لە بوونی مامۆستای فەرمیی \"سواد آموزی\" بێبەرین.

پێشتریش بەرپرسێکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنای پارێزگای کرماشان رایگەیاندبوو کە لەو پاریزگایە دا ١٠٤ هەزار کەسی نەخوێندەوار لە نێوان ١٠ هەتا ٤٩ ساڵ دایە بوونی هەیە.

بەرپرسانی حکوومەتی لەکاتێکدا بەڵێنیی بن‌بڕ کردن و نەهێشتنی نەخوێندەواری لە وڵاتی ئێران دا دەدەن کەلە ساڵی ١٣٨٧ بەم لاوە هیچ کەس وەک ئامووزشیاری رێکخراوی \" نهضت سواد آموزی\" وەر نەگیراوە.

توێژەرێکی کورد لە وتوێژێکدا بە ماڵپەڕی \"جرس\"ی راگەیاندبوو، هەبوونی ئەو رێژە نەخوێندەوارە، تەنیا نیشانەی لاوازیی رێکخراوی \"سواد آموزی\" نییە، بەڵکوو پلان و ستراتژی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەر زیاد بوونی ئاماری نەخوێندەواری لە ناوچە کوردنشینەکانە.

بەپێی ئاماری ساڵی رابردوو لەمەڕ ئاستی خوێندەواری و نەخوێندەواری ولاتانی جیهان، وڵاتی ئێران لە نێوان ١٧٨ وڵات دا پلەی ١٢٠ی هەیە و ٢٣% حەشیمەتی ئەو وڵاتە کەسانی نەخوێندەوار پێکی دێنن.