نزیکەی ٥٥ هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان لە ئاگردا سووتان

22:29 - 2 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئاگر کەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەکانی کرماشان و پاوە ڕووی دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دارستانە سروشتییەکانی دەورووبەری شاری کرماشان بۆ ماوەی ٣٥ کاتژمێر لە ئاگردا سووتان و نزیکەی ٥٠ هێکتار لەو دارستانانە بوونە خۆڵەمێش.

ئاگرکەوتنەوەکە سەر لەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣١ جۆزەردان دەستی پێکرد و هەتا ئێوارەی رۆژی ١ی پووشپەڕ درێژەی هەبووە.

ناوەندی ئاگرکەوتنەوەکە، دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"جامە شۆران\" سەر بە بەخشی ناوەندیی شاری کرماشان بووە و بەپێی ڕاگەیاندنی فەرمانداریی کرماشان، خەڵکی خۆجیی و هێزەکانی پاراستنی سروشت هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە.

هەرلەو پەیوەندییەدا شەوی ڕابردوو ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی \"ئەنجیرک زەردۆیی\" سەر بە شاری پاوە ڕووی داوە و بەپێی وتەکانی فەرمانداری ئەو شارە، چوار هەزار هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی پاوە خەسارەیان لەو ئاگرکەوتنەوە بەرکەوتووە.

ئاگرکەوتنەوەکە لە نیوە شەوی ڕابردوودا بە بڵێسە سەندنی کوتەرە دارەکان دووبارە دەستی پێکردەوە و هەتا پێش لە نیوەڕۆ درێژەی هەبووە و لە کۆتاییدا کوژێندراوەتەوە.

ناوچەکانی دەوروبەری گوندی ئەنجیرک زەردۆیی لە جۆری گیاندارەکان و لەوەڕگە، لە ئاستی پارێزگا و وڵاتدا تایبەتن.

لە کۆتاییەکانی حەتووی ڕابردوودا دەوری چوار سەد هێکتار لەوەڕگە و دارستانی شاری پاوە لە ئاگردا سووتان.

مرۆڤ و بەرزبوونەوەی گەرما وەکوو سەرەکیترین هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئێران بە ئەژمار دێن و ناسراون.