نزیکانی پەرهام پەروەری لابردنی تۆمەتی "موحاربە"یان لە دۆسییەکەی ڕەت کردەوە

11:17 - 26 سەرماوەز 2722

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەمەڕ لابردنی تۆمەتی "موحاربە" لە دۆسییەی ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کوردپا ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هەتا ئێستا پەرهام پەروەری لە گرتنی پارێزەر بێبەری کراوە و دادگا لە وەرگرتنی پارێزەر بۆ دۆسییەی ناوبراو، خۆی بواردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: ماوەی مانگێکە چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی پەرهام پەروەری لە دادگاداین، بەڵام هیچ هەواڵێک لە بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی نییە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئەندازیار "پەرهام پەروەری" خەڵکی شاری سەقز کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی شاری تاران دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادسەرای ئەمنییەتی زیندانی ئێڤین بە "موحاربە" تۆمەتبار کرا.

"پەرهام پەروەری"دوای حەوتوویەک ڕاگیران لە زیندانی "فەشافوویە" بۆ زیندانی "ئێڤین" گوازرابووەوە.

"پەرهام پەروەری" تەمەنی ٢٥ ساڵە و دەرچووی ئەندازیاریی میکانیک لە زانکۆی "سەنعەتـ"ـی شاری ورمێیە و "موزەفەر پەروەری" و "سروە سووزەنی" باوک و دایکی پەرهام لە فەرهەنگییانی خانەنشینکراوی شاری سەقزن.

ئەندازیار "پەرهام پەروەری" پلەی سێهەمی مەلەوانیی لە ئاستی ئێراندا هەیە و چەندین خەڵاتی لە ئاستی ناوچەیی و لە بواری خوێندکاری بەدەست هێناوە.

ناوبراو لە شیرکەتێکی ئەندازیاری لە شاری تاران خەریکی کارکردن بووە.

ئەندازیار "پەروەری" ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین لە شاری تاران دەسبەسەرە.