ناڕەزایەتی دانیشتوانی گوندەکانی مەریوان بە نیسبەت دێپۆی زبڵەکان

15:04 - 30 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دیاریکردنی شوێنێکی نوێی دێپۆ و چاڵکردنی پاشماوەکان لە نزیک ڕووباری \"گەردەڵان\" لەلایەن شارەداری و شۆرای شاری مەریوان، ناڕەزایەتی دانیشتووانی ٦ گوندی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دانیشتووانی گوندەکانی \"کۆلیج، شێخەکوێرە، دەرێ، نشکاش، وەسنە و نەنە\" بە نیسبەت دیاریکردنی شوێنێکی نوێی دێپۆ و چاڵکردنی زبڵەکانی ئەو شارە لە نزیک ڕووباری \"گەردەڵان\"، لە لایەن شارەداریی و شۆرای شاری مەریوانەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

چەند ڕۆژ پێش شۆرا و شارەداری شاری مەریوان سەردانی ئەو شوێنە نوێیانەیان کرد و ڕایانگەیاند: ئەم شوێنە نوێیە بۆ دێپۆی پاشماوەکان کاتییە و هەتا دانانی کارگەی \"بازیافت\"ی زبڵەکانی ئەم شارە، لەم شوێنە بەتاڵ دەکەن.

مەودای نێوان شوێنی ئاماژەبۆکراو لە جادەی سەرەکیی مەریوان_سەقز ٢٠٠ مێترە و هەروەها ٣٠٠ مێتر لە ڕووباری \"گردەڵان\" دوورە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە: \"دیاریکردنی وەها شوێنێک لەگەڵ بارینی باران تەواوی \"شیرآبە\"ی زبڵەکان دەڕژێنێتە ڕووبارەکە و ڕێگای ڕووبارەکە هەتا بەنداوی داریان پیس دەکات، دانانی ئەو شوێنە بۆ زبڵەکان شوێنێکی باش نییە. ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندانە لە شوێنگەلێکی نزیک ئەو ڕووبارە دابین دەکرێت و لە داهاتوویەکی نزیکدا، کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.