ناڕەزایەتیی دەربڕین بۆ مەرگی گوماناویی سەحەر چوینی، شاری مەریوانیشی گرتەوە + وێنــە

01:25 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: رێژەیەکی بەرچاو لە خەڵکی شاری مەریوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی ئەمنییەت لە زانکۆکان و هەروەها پێڕانەگیشتن بە دۆسیەی مەرگی گوماناویی سەحەر چوینی، رێپێوانێکی هێمنانەیان بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەر، سەرەڕای فشاری ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، رێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی خەڵکی مەریوان لە چوارەمین رۆژی مردنی گوماناویی سەحەر چوینی، لە مەیدانی دارایی شاری مەریوانەوە هەتا سەر گۆڕستانی دارسێران رێیان پێوا.

یەکێک لە بەشدارانی ئەو ریپێوانە بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند، هێزە ئیتلاعاتییەکان رێگرییان لە ئەو ریپێوانە دەکرد و هاوکات کامێرای وێنە‌گری و فیلم هەڵگرتنیان لە هاووڵاتییان دەستاند، بەڵام سەرەڕای ئاستەنگی ئەو هێزانە، رێپێوانەکە بەڕێوەچوو\".

هاوکات دەگوترێت کە بەهۆی هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی شاری مەریوانەوە، ئەو بەرنامانەی کە چالاکانی ژنان و فەرهەنگیانی شاری مەریوان ئامادەیان کردبوو لەسەر گۆڕی سەحەر بەڕێوەی بەرن، جێبەجێ نەکران.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری کەسێک نزیک لە بنەماڵەی \"سەحەر چوینی\"ـەوە رایگەیاند؛ \" بنەماڵەی سەحەر، خۆکوشتنی کچەکەیان بە پەردەپۆش کردنی ئەو دۆسیەیە لە قەڵەم ئەدەن و بەرپرسانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی شاری هەمەدان بە هۆکاری گیان لەدەست دانی کچەکەیان دەزانن\".

لە رۆژانی شەممە و دووشەممەی ئەم حەفتەیەدا خوێندکارانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئوستانی هەمەدان سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زانکۆ و هەروەها پشتگیری کردنی بنەماڵەی سەحەر چوینی، دوو جار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

سەحەر چووینی تەمەن ١٩ ساڵ و خوێندکاری تێرمی دووەمی رشتەی پەرستاریی پەیمانگەی ددانپزیشکیی شاری هەمەدان و خەڵکی شاری مەریوان بوو، کە بە شێوەیەکی گوماناوی لە خەوتنگەی پەیمانگەی ئاماژە پێکراو گیانی لەدەست دا.

\"16062.jpg\"

\"16064.jpg\"

\"16061.jpg\"