ناڕەزایەتییەکانی شاری بانە لە بەر دەم دەرگای فەرمانداری فەزای ئەو شارەی میلیتازە کردووە

20:38 - 14 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەدوای کۆبوونەوە نارەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری بانە، هێزەکانی پۆلیس و گاردی تایبەتی نیزامیی زیاتر ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی خەڵکی شاری بانە لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە بە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین بە گیان لە دەستدانی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی درێژەی هەیە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، بە دەستێوەردانی گاردی تایبەتیی لەگەڵ توندوتیژی بەرەڕوو بووە و هێزەکانی گاردی تایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە گازی فرمێسکڕیژ هەوڵی بڵاوە پێکردنی ناڕازییەکانیان دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە ڕایگەیاند: ماشینی فەرمانداری شاری بانە لە لایەن خەڵکی ناڕازیەوە ئاگری تێبەردرا وهەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری بانەش چوونەتە ناو بینای فەرمانداری ئەو شارە و لەو پەیوەندییەدا چەندین هاووڵاتیی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتییەوە دەستبەسەر کراون.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ١٠ کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی خەڵکی شاری بانە بە تەقەی هێزەکانی گاردی تایبەت بریندار کراون.

دەوترێ، هێزە ئەمنیەتییەکان و سپای پاسدران بۆ کونتڕۆڵ کردنی دۆخی شاری بانە لە ئاستی ئەو شارەدا جێگیر کراون و هێلیکۆپتیڕش لە ئاسمانی شاری بانەدا دەسوورێتەوە.

پاش کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی شاری بانە لە بەرانبەر فەرمانداری ئەو شارە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە حاڵەتی ئامادەباش دان.

لینکی پەیوەندیدار:
شوناسی سێ کەس لە دەستبەسەر کراوانی شاری بانە ڕوون بووەوە
عەلی عابدی: ئەگەر لە بەر کەمایەسی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نەبێت کێ کۆڵبەری پێ خۆشە
چالاکانی مەدەنیی شاری مەریوان، لە ڕاگەیاندراوێکدا کوژرانی دوو کۆڵبەری خەڵکی بانەیان مەحکووم کرد