ناڕەزایەتییەكان سەبارەت بە سووكایەتی بە مامۆستا حەسەن زیرەک بەردەوامە

13:31 - 8 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: لەدرێژەی ئێعتراز و ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەوڵی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی مەهاباد، ژمارەیەک لە چالاكانی فەرهەنگی و مەدەنی و بەشێكی بەرچاو لەهاووڵاتییانی شاری بۆكان لەسەر گڵكۆی ئەو هونەرمەندە كوردە كۆبوونەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی رێكەوتی ٧ی سەرماوەز كێوی ناڵەشكێنەی بۆكان شایەتی كۆبوونەوەی خەڵكی ناڕازی بوو، كە تێیدا هەوڵەكانی ناوەندی دەنگ و ڕەنگی شاری مەهاباد بەمەبەستی شكاندنی كەسایەتی حەسەن زیرەک، مەحكووم كراوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا وتارێک لەلایەن چالاكانی مەدەنییەوە خوێندراوەتەوە و داواشیان لەناوەندە پێوەندیدارەكان كردووە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكەن و لێی بێدەنگ نەبن.

چالاكانی مەدەنیی شاری بۆكان لەسەر گڵكۆی مامۆستا زیرەک باسیان لەوەش كردووە، سەردەمی سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و دووبەرەكی لەناو نەتەوەی كوردا بەسەر چووە.

هەواڵنێری كوردپا رایگەیاندووە، ناڕازیان لەداوێنی كێوی ناڵەشكێنە وێنەی حەسەن زیرەك و محەمەد ماملێ‌دوو هونەرمەندی نەتەوەیی كوردیان پێ‌بووە.

حەفتەی رابردوو ناوەندی دەنگ و رەنگی مەهاباد راپرسییەكەی سەبارەت بە رادەی خۆشەویستی هونەرمەندان بڵاو كردبوویەوە كە تێدا حەسەن زیرەكی لەگەڵ دوو گۆرانیبێژی فارس زمان خستبوویەوە ركابەرییەوە.

دوابەدوای ئەو راپرسییە چالاكانی مەدەنی و فەرهەنگی كوردستان بەتایبەت شاری مەهاباد ناڕەزایەتیان بەو كارە دەربڕی و بە سووكایەتی بە حەسەن زیرەكیان لەقەڵەم دا.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەک لە چالاكی فەرهەنگی ـ مەدەنیی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەكانەوە دەستبەسەر كرابوون.

بڕیار بوو خەڵكی شاری مەهاباد سەبارەت بەو سووكایەتییە كردنە، خۆپیشاندانێک وەرێ‌بخەن، كە لەگەڵ هەڕەشە و رێگری ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە بەرەوڕوو ببوونەوە.

\"23355.jpg\"

\"23354.jpg\"