ناڕوونی چارەنووسی چالاکێکی مەدەنیی کورد لە بەندی ژنانی سنە

20:32 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ژنە چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە بەندی ژنانی زیندانی ئەو شارە چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"سەحەر کازمی\" چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، بۆ بەندی ژنانی زیندانی شاری سنە گوازراوەتەوە و چارەنووسی هەروەها ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەحەر کازمی بۆ بەندی ژنانی زیندانی شاری سنە راگوێزراوە و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕادەگوێزرێت.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

\"سەحەر کازمی\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە، کە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوو، هەتا ئێستا لە گرتووخانەی شاری سنە چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو ژنە چالاکە مەدەنییە، بە هۆی چالاکیی مەدەنی و ژینگەپارێزیی دەسبەسەر کراوە.