ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی داڵاهۆ پاش دەسبەسەرکرانی

14:49 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ناوچەی داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو ناوچەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی ١٠ ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی ناوچەی داڵاهۆ بە ناوی \"حیسام حوسێنی\" کوڕی جەبار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی هەتا ئێستا ناڕوونە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان کاتژمێر ٣ی شەو بە بێ‌بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە کوردە و دەسبەسەریان کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: \"بنەماڵەی حوسێنی بێئاگایی خۆیان لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی کوڕەکەیان دەربڕیوە و هەروەها هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی ڕاگیرانی کورەکەیان نییە\".

ئەوە سەرچاوەیە دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان بە بنەماڵەی حوسێنیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەمیدیایی کردنی دەسبەسەرکرانی کوڕەکەیان، لەگەڵ کێشەی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە.\"

پێشتر ئاژانسی کوردپا لە هەواڵێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"جەبار حوسێنی\" خەڵکی شاری داڵاهۆ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە چارەنووسی ناڕوونە .ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، وەکوو بارمتە بە جێگەی کوڕەکەی گیراوە.

لە لایەکی دیکەوە، کوڕێکی جەبار حوسێنی بە ناوی\" نەجات\" کە پێشتر بە تۆمەتی \"تەبلیغ دژی نیزام\" بۆ ماوەی یەک ساڵ دەسبەسەر و زیندانی بوو و بە دانی وەسیقەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو، لە ترسی دەسبەسەرکرانی دووبارە زێدی خۆی بە جێهێشت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئەندامانی بنەماڵەی حوسێنی نیگەرانی چارەنووسی کوڕەکەیانن و هەروەها ڕایانگەیاندووە، لە ماوەی دەسبەسەر کردنی جەبار حوسینی، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی ڕاگیرانی باوکیان نییە و تەنانەت ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نەداون.

لینکی پەیوەندیدار:
دوو ئەندامی بنەمالەیەک لە شاری داڵاهۆ چارەنووسیان ناڕوونە