ناڕوونی چارەنووسی لاوێکی کورد پاش دەسبەسەر کردنی

14:14 - 25 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی لاوێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، پاش ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی، هێشتا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی لاوێکی کورد بە ناوی \"سامان خدرپوور\" خەڵکی شاری بانە کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە، هەتا ئێستا ناڕوونە.

ئەو لاوە بانەیە ٢٠ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بنەماڵەی ئەم لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان چەندین جار سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان لە شاری بانە کردووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان دەسنەکەوتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، مێرمنداڵێکی دیکە کورد بە ناوی \"میلاد ڕەحیمی\" تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی شاری بانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوە.

هەروەها، دوو مێرمنداڵی کورد بە ناوەکانی \"مێهدی کانی سووری و بارزان بابەکری\" خەڵکی گوندی \"کانی سوور\" سەر بە شاری بانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.