ناڕوونیی چارەنووسی چالاکێکی مەزهەبیی کورد لە ورمێ

21:02 - 18 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕبوونی ١٠ رۆژ لە دەستبەسەر کرانی چالاکێکی مەزهەبیی کورد لە شاری ورمێ، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بەناوی حاجی شەفیق نێعمەتی کوڕی سەدیق، لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر و بۆ شوینیکی نادیار راگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە رۆژی هەینی، رێکەوتی ٩ی جۆزەردان دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: حاجی شەفیق کەسێکی مەزهەبیی و پەیڕەوی مەزهەبی سوننی بووەو پێدەچێت بەهۆی بیروباوەڕی ئایینی‌یەوە دەستبەسەر کرابێت.

هەروەها گوتیشی: ئەو هاووڵاتیەی کوردە، کە خەڵکی گوندی \"بەردێزی\" لە ناوچەی سۆمای برادۆست بووە، تەمەنی ٣٥ ساڵ و خێزاندار و هەروەها باوکی دوو منداڵیشە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی راگیرانی حاجی شەفیق نێعمەتی بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ورمێ باسی لە ناڕوونیی چارەنووسی حاجی شەفیق کرد و رایگەیاند: لە ماوەی چەند حەفتەی رابردوودا دۆخی شاری ورمێ و شارەکانی دیکەی ئوستان، بەهۆی هەڵوێستی بەرپرسانی حکوومەتی‌یەوە لە هەمەبەر کوردەکان، جۆرێک حاڵەتی نائاسایی و ئەمنەیتیی بەخۆیەوە گرتووە.

پێشتر نادر قازی‌پوور، نوێنەری تورک زمان لە مەجلیسی ئیسلامی، سەرەڕای ئەوەی کوردەکانی بە \"شەیتان سفەت\" ناوبردبوو، خوازیاری \"هەڵوێستی توند و لێبڕاوانە لە بەرامبەر کوردەکاندا\" بوو.