ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد پاش ٥ مانگ

12:23 - 29 گەلاوێژ 2722

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٥ مانگ و ٨ ڕۆژ بە سەر بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کەیوان ڕوستەمی" کوڕی عەلی ئەکبەر خەڵکی گوندی "مێراو"ی ناوچەی ژاوەرۆی سنە، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندی لەگەڵ بێسەروشوێنبوونی کەیوان ڕوستەمی بە کوردپای ڕاگەیاند: شەوی ١٠ی خاکەلێوە، کەیوان پاش هاتنەدەرەوە لە ماڵی خۆیان هەتا ئێستا بێسەروشوێنە و بنەماڵەکەی سەردانی هەموو ناوەندە ئەمنییەتییەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وڵامێکیان لەو پەیوەندییەدا، دەست نەکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: بنەماڵەی ڕوستەمی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان چەند جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیان لە شاری سنە کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان هەتا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: تەنانەت بنەماڵەی کەیوان ڕوستەمی، وێنەی کوڕەکەیان بە پۆلیسی ئاگایی و نەخۆشخانەکان داوە، کە لە ئەگەری دۆزینەوەی هەر سەرەداوێک، ئەو بنەماڵەیە ئاگادار بکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، هەروەها ڕایگەیاند کە بنەماڵەی ڕوستەمی، تەنیا گومانیان لە ناوەندە  ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکان هەیە کە ئەو ناوەندانە کوڕەکەیان دەسبەسەرکردووە.

پێشتر کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردبووەوە کە کەیوان ڕوستەمی، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

کەیوان ڕوستەمی تەمەن ٢٩ ساڵ و سەڵتە.