ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی سەردەشتی پاش ٩ مانگ دەستبەسەرکران

14:29 - 19 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، کە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەو شارە دەستبەسەر کرا، هەتا ئێستا چارەنووسی روون ناڕوونە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناسر کەریمی، کوڕی عەبدوڵڵا و خەڵکی شاری سەردەشت، کە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ لە شوینی کارەکەی دەستبەسەر کرا، لەو ماوەیەدا لە ئیدارەی ئیتلاعات شارەکانی سەردەشت و ورمێ لەدەستبەسەری‌دا بووەو هەنووکە چارەنووسی نادیارە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەو گیراوە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای رایگەیاند، ناسر کەریمی، کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵیشە، دوو مانگ پاش دەستبەسەرکران رەوانەی ئیتلاعاتی ورمێ کراو مانگێک پێش ئێستا گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی سەردەشت و لە زیندانی سەردەشتیشەوە رەوانەی زیندانی (حەسارەک)ی کەرەج کرا.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، لە رۆژانی رابردوودا دایکی ناسر بە مەبەستی چاوپێکەوتن (ملاقات) لەگەڵ کوڕەکەی سەردانی زیندانی \"حەسارەک\"ی کەرەج کردووە، بەڵام پێی گوتراوە؛ کوڕەکەت لێرە رانەگیراوەو رەوانەی باکوور(شمال)ی ئێران کراوە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە کاتی دەستبەسەر کرانی ناسر کەریمی‌یەوە، کەس نەیتوانیوە چاوی پێی بکەوێت و هێزە ئیتلاعاتییەکانیش هۆکاری دەستبەسەر کرانی ناسر کەریمی‌یان هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران راگەیاندووە.

ئەوەشی خستەروو: باوکی ناسر کەریمی لە کیمیابارانی شاری سەردەشتدا گیانی لەدەست داوەو هەڵسووکەوتی ناوەندە حکوومەتییەکان لەگەڵ دایکی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتێک دایە، کە دایک و خوشک و برایەکیشی کەمئەندامی چەکی کیمیاوین و خوشک و براکەی لەجێدا کەوتوون و بەردەوام پێویستییان بە چاوەدێری و دەرمان هەیە.