ناڕوونیی چارەنووسی هاووڵاتییەکی سنەیی پاش ١٠ رۆژ لە دەستبەسەر کران

13:50 - 27 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی سنەیی کە ١٠ رۆژ پێش ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستەبەسەر کرا، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ١٧ی خەرمانان \"فەرهاد گوفتاری\" لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە لە شاری سنە و لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگویزرا.

دەگوتریت کە \"فەرهاد گوفتاری\" بە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەک و حوکمی دادگا، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە نەزانراوە.

هاوکات بنەماڵەی فەرهاد گوفتاری لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندین جار لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکەیان سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سنەیان کردووە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هیچ هەواڵێکیان لەو پەیوەندییەدا پێ رانەگەیاندوون.

لەلایەکی دیکەوە ئەو هەڵسووکەوتەی هێزە لیباس شەخسییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران نیگەرانی و ترسی لای بنەماڵەی هاووڵاتییان و هەروەها ناوەندەکانی دادکۆکیاری مافی مرۆڤ درست کردووە.

بە وتەی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤ، رەوتی دەستبەسەر کردن و ئێعدام کردنی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لەگەڵ هاتنە سەر کاری \"حەسەن رۆحانی\" بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد بەشیوەیەکی بەرچاو رووی لە زیاد بوون کردووە.