ناڕوونیی چارەنووسی سێ زیندانیی کورد لە گرتووخانەکانی سنە و بۆکان

15:41 - 22 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ هاوووڵاتیی کورد، لە گرتووخانەی شارەکانی بۆکان و سنە چارەنووسیان ناڕوونە و لە چاوەڕوانیی بەڕێوەچوونی دادگادان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"جەماڵ یووسفی\" خەڵکی گوندی \"موشیرئاوا\" و \"حوسێن ئیبراهیم‌حەمزە\" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی \"قەرەگۆل\" سەر بە شاری بۆکان، سەرەڕای تێپەرێنی دوو ساڵ لە دەسبەسەرییان، چارەنووسیان هەتا ئێستە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە، کە لە گرتووخانەی شاری بۆکان ڕاگیراون، ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیان هەتا ئێستە لە بوونی \"پارێزەر\" بێبەرین.
هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ زۆرەملێی دانپێنانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ئازار و ئەشکەنجە ڕۆحی و ڕەوانیانیان داوە.

\"\"
حەیدەر قوربانی
لە لایەکی دیکەوە، زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری کامیاران بە ناوی \"حەیدەر قوربانی\" کوڕی عەلی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە چارەنووسی ناڕوونە و دۆسیە قەزایییەکەی ڕەوتی ئاسایی خۆی تێنەپەڕاندووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان کۆتایییەکانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی هاوکاریی بۆ \"تیرۆڕ\" کردنی چەند کەسێک لە دەستوپەیوندییەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و مەحکووم کردووە.

مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، تەلەفزیۆنی ئینگلیزی زمانیی \"پرێس تیڤی\" بە نیشاندانی ڤیدئۆیەکی دێکومێنتاری بە ناوی \"رانندە مرگ\"، بەشێک لەو فیلمە دانپێنانە زۆرەملێیەی ئەو زیندانییە کوردەی بڵاو کردەوە.