ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان

14:28 - 3 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران، پاش هێرش کردنە سەر گوندی \"نێ\"، چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو گوندە دەسبەسەر دەکرێن، کە چارەنووسی دوو کەسیان ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر گوندی نێ، شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزە حکوومەتییەکان و خەڵکی ئەو گوندە هاتە ئاراوە و چەند کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر کراون.

شوناسی ٧ کەس لە هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی نێ، کە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بۆتەوە بەم چەشنەیە:

محەممەد مورادی، مەحموود گرامی، حەمید تەوفیقی، سامان ئەمیا، زانکۆ ئەرژەنگی، کۆسار ئەرژەنگی و سەلاح ئەمیا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پێنج کەس لەو ٧ هاووڵاتییە ئازاد کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، کۆسار ئەرژەنگی و سەلاح ئەمیا، هێشتا ئازاد نەکراون و بێسەروشوێنن.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەمە، هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، هێرشیان کردە سەر گوندی \"نێـ\"ـی مەریوان و پێشیان بە بەڕێوەچوونی جێژنی نەورۆز لەو گوندە گرتووە.