ناڕوونیی چارەنووسی دانا لەنجاوایی پاش ١ مانگ دەستبەسەری

15:56 - 6 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: دانا لەنجاوایی، چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش ١ مانگ دەستبەسەر کران، هەتا ئێستا چارەنووسی روون نەبۆتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دانا لەنجاوایی چالاکی خوێندکاری و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، کە رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی لە شاری مەریوان دەستبەسەر کرا، چارەنووسی ناڕوونە.

ئەو چالاکە کوردە، رێکەوتی ٦ی رێبەندانی ئەمساڵ پاش ١ رۆژ دەستبەسەر کران، لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە بۆ شاری سنە راگوێزرا.

\"18497.jpg\"
دانا لەنجاوایی پاش ٣١ رۆژ دەستبەسەر کران، چارەنووسی ناروونە
بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی دانا لەنجاوایی، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو چالاکە خوێندکارییە لەمەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان، هەتا ئێستا شوێنی چارەنووس و شوینی راگیرانی روون نەبۆتەوە.

دوابەدوای دەستبەسەر کرانی دانا لەنجاوایی، شەپۆلێکی بەرینی بانگهێشت و لێپرسینەوە لە چالاکانی خوێندکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستی پێکرد و لەو پەیوەندییەدا سۆران دانیشوەر، ئارەش مەولوودی و هێمن بیگلەری بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکرا.

چەند رۆژ دواتر و رێکەوتی ٨ی رێبەندان سێ چالاکی خوێندکاریی زانکۆی پەیام نووری شاری مەریوان بەناوەکانی \"دانا ئه‌مینی خوێندکاری زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، سۆران ڕاوش خویندکاری بەشی کشتوکاڵ و مه‌یسه‌م جه‌وانمیری خوێندکاری زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان\" لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کران.

دەگوترێت ئەو چالاکە خوێندکارییانە بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی شاری مەریوان دژ بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد، بەرەوڕووی فشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیران بوونەتەوە.