ناڕوونیی چارەنووسی باوک و کوڕێک پاش دەسبەسەرکرانیان

19:43 - 19 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: چارەنووسی باوک و کوڕێکی خەڵکی شاری سەقز، کە بە هۆکاری نادیار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە دەسبەسەر کراون، ناڕوونه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، باوک و کورێکی خەڵکی شاری سەقز، بە ناوەکانی سدیق ڕەحمانزادە، تەمەن ٤٥ ساڵ و ئوسامە ڕەحمانزادە تەمەن ١٥، کە ماوەی ١٠ ڕۆژە دەسبەسەر کراون، چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی خەزەڵوەڕ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو باوک و کوڕه کە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەسبەسەر کراون، ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز ئامادە نییە هیچ زانیارییەک لە بارەی ئەو دوو کەسە بە بنەماڵەکەیان بدات .

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سدیق ڕەحمانزادە باوکی ئوسامە، هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی دەستگیر کراوە و هیچ هەواڵێکی ورد لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نیە .

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: \"سدیق ڕەحمانزادە کەسێکی مەزهەبیە و ڕوون نییە هۆکاری دەستگیرکرانی ناوبراو وکوڕەکەی چی بووە\".

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزە حکوومەتییەکان، لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کەسانی ئایینی دەسبەسەر دەکەن.

لەو پەیوەندیەیدا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی لە شاری بانە دەسبەسەر و بانگهێشت کراون.