ناڕازیانی ڕووداوی هوتێل تارای مەهاباد بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کران

14:40 - 19 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی ئێران بۆ ١٢ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری سەردەشت حوکمی ١٢ ساڵ زیندانی تەعزیری بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ١٢ هاووڵاتیی ناڕازی خەڵکی شاری سەردەشت کە هاوسۆزی خۆیان بۆ قوربانییەکانی ڕووداوی هوتێل تارای شاری مەهاباد دەربڕیبوو، بە زیندان و دانی پارە لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕەوڕوو بوونەوە.

دادگای تاوانەکانی شاری سەردەشت حوکمی ١ ساڵ زیندان و دیەی ١٦ میلیۆن و ٢١٠ هەزار تمەنی بە پێی تاوانی خزمایەتی (انتساب) و \"تێکدانی تەکووزی گشتی\" بۆ ١٢ هاووڵاتیی ئەو شارە بڕیەوە.

ئەو حوکمە لە پەیوەندیی لەگەڵ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی شاری سەردەشت لە پشتیوانی کردنی قوربانییانی ڕووداوی هوتێل تارای شاری مەهاباد دا بووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەم ١٢ هاووڵاتییەی بەم چەشنە ڕاگەیاندووە: ١_سەردار ئیسماعیلی،2_ڕامین حەسەن زادە،٣_سەفا حەسەن پوور،٤_سوهەیلا زبێری،٥_هێمن جەنەت یار،٦_سامرەند ئەحمەد زادە،٧_ئامانج شێخەپوور،٨_سامان مڵکاری،٩_حوسێن پەری ئاقایی،١٠_محەممەد قادریان،١١_کامیل ڕەسووڵ پوور و فەرهاد شێخانی.

ئەو ١٢ هاووڵاتییە سەبارەت بە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕووداوی هوتیڵ تارای شاری مەهاباد، هەرکامیان بە ساڵێک زیندان و هەروەها تێکدانی نەزمی گشتی لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سەردەشت بە شەش مانگ زیندانی مەحکووم کراون.

١١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی پاش مردنی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی لە هۆتێل تارای شاری مەهاباد، خەڵکی ئەو شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەو کردەوەیە ڕژانە سەر شەقامەکانی شاری مەهاباد و ئەم رووداوەش توندوتیژی لێکەتەوە کە بە هۆیەوە هێندێک کەس دەستبەسەر وهێندێکی دیکەش بریندار بوون و هەروەها هاووڵاتییەک لەو ڕووداوەدا گیانی لە دەست دا.