ناوەندی "پێن"ی کوردی سمینارێک بۆ نووسەرانی کورد لەسلێمانی رێک دەخات + وتووێژ

22:20 - 12 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی \"پێن\"ی کوردی بەبەشداری نووسەرانی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی، بەمەبەستی ناساندنی ناوەندی \"PEN\"ی کورد بە نووسەرانی کورد، سمینارێک بەڕێوە دەبات.

\"دڵشا یوسف\" ژنە نووسەری کورد و ئەندامی ده‌سته‌ی به‌ڒێوه‌به‌ریی ناوەندی پێنی کورد یەکێک لە بەڕێوە بەرانی ئەو سمینارە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، پێنی کوردی بەمەبەستی ئەندامگیریی زیاتر و هەروەها دادکۆکی لە سەرجەم نوسەرانی کورد لە هەر شوێنێک کە بەرەوڕووی پێشێکاری ببنەوە، ئەو سمینارە بەڕیوە دەبەین.

\"13692.jpg\"
دڵشا یوسف ،ژنە نووسەری کورد و ئەندامی ناوەندی پێنی کورد

ئەو بەرپرسەی کۆمیتەی ژنان لە ناوەندی پێنی کورد راشیگەیاند، رۆژنامەنووسانی چالاک و هەروەها هەر نووسەرێک بە مەرجی ئەوەی کە خاوەنی ٢ کتێب بێت و لەلایەن ٢ کەسە پشتگیری لێ بکرێت و هاوکات سکاڵای ئەندامانی ناوەندی پێنی کوردی لەسەر نەبێت، وەک ئەندامی ناوەندی پێنی کوردی وەرئەگریت و هاوکات دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پێنی جیهانی.

ناوەندی پێنی کوردی کاتژمیر ٥ی دوانیوەڕوی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ بەرامبەر بە ٥/٧/٢٠١٣ لە هۆڵی رۆشنبیریی ئەندیشە لە شاری سلێمانی و بەبەشداری نوسەرانی کورد ئەو سمینارە بەڕێوە دەچێت.

دڵشا یوسف ژنە شاعیری کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە و هەتا ئێستا ١٠ بەرهەمی لە قاڵبی شێعر، وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە و هەنووکە بەفەرمی ئەندامی ئەنجومەنی جیهانیی رۆژنامەنووسان، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان وهەروەها لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەندامی ناوەندی پێنی کوردییە.

ناوەندی \"پێنی کورد\" ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن چەند نووسەر و ئەدیبی کورد چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کردووە و ساڵی ١٩٩٩ بە فەرمی بۆتە ئەنجومەنی پێن\"ی جیهانی کە سالی ١٩٢١ لە شاری لەندەن دامەزرا و هەتا ئیستا ١٤٤ وڵات بەفەرمی ئەندامی ئەو رێکخراوەیەن و زیاتر لە ٢٠ هەزار ئەندامی لەو وڵاتانەدا هەیە.