ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئەهواز کرد

21:09 - 16 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە خۆپێشاندانی خەڵکی پارێزگای خووزستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێدا پشتیوانی خۆی لە خۆپێشاندەران و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی عەرەبی ئەو پارێزگایە دەربڕی.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ئەوە یەکەم جار نیە نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە شێوەی خۆپێشاندان وهاتنە سەرشەقام بەرامبەر سووکایەتیی ڕاگەیەنە دەوڵەتییەکانی ئێران لەهەمبەر شوناسی نەتەوەیی خۆیان، دژکردەوە پێشان دەدەن.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوو بەم چەشنەیە:
پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی پارێزگەی خوزستان دەکەین


زیاتر لە حەوتوویەکە شارەکانی پارێزگای خوزستانی ئێران بوون بە مەیدانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی عەرەبی ئەو پارێزگایە. سەرەڕای هاتنە مەیدانی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بەربوونیان لە گیانی خەڵکی ناڕازی و وێڕای بەردەوامیی لەشکرکێشی و ڕەوانەکرانی هێز لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران، دانیشتوانی سووکایەتی پێکراوی پارێزگەی خوزستان، لە سەر درێژەدان بە خۆپێشاندان بەردەوامن.

ئەگەرچی هەتا ئێستا دەوروبەری ١٦٠ کەس لە خۆپێشاندەران قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون و کەشوهەوای سەرکوتکەرانە لە ئەهواز و ئابادان و شارەکانی دیکەی ئەم پاریزگەیە ڕوولە زیادبوونە، خەڵکەکە کۆڵیان نەداوە و لەسەر مەحکوومکردنی سووکایەتیی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی بە شوناسی نەتەوەیی خۆیان و بەربەرەکانیی هێزە سەرکوتکەرەکان بەردەوامن.

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی ئەمجارەی شارەکانی پارێزگەی خوزستان دوای ئەوە دەستی پێکرد کە تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتیی ئێران لە بەرنامەیەکی نەورۆزیی خۆی‌دا، شوناسی نەتەوەیی خەڵکی ئەو ناوچەیەی کە لە گەلی عەرەب پێک هاتوە، پشتگوێ خست. ئەوە یەکەم جار نیە نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە شێوەی خۆپێشاندان وهاتنە سەرشەقام بەرامبەر سووکایەتییڕاگەیەنە دەوڵەتییەکانی ئێران لەهەمبەر شوناسی نەتەوەیی خۆیان، دژکردەوە پێشان دەدەن. ئامادەیی نەتەوە بندەستەکانی ئیران بۆ دژکردەوە نیشاندان بە شێوەی خۆپێشاندان لە چەندین شار ومەحکوومکردنی سیاسەت و کردەوەی دامودەزگا دەوڵەتییەکان، هۆیەکی زۆر ڕوونی هەیە. ئەم تووڕەیی و بێزارییە، بەرهەمی دەیان ساڵ ئینکارکرانی شوناسی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران و خۆبواردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داننان و بە‌ ڕەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانیانە. دامودەزگا دەوڵەتی و حکوومەتییەکان هەر بەوەندەشەوە نەوێستاون و لە ڕووی ئابووری و ئاوەدانییشەوە هەوڵیان داوە شارو ناوچەکانی ئەو نەتەوە بندەستانە پشتگوێ بخەن و کەمترین ئاوڕیان لێ بدەنەوە. سەرەڕای ئەو دۆخەش، شانبەشانی گرتنەبەری سیاسەتی هەڵاواردن و پشتگوێخستن، پەنایان بردووەتە بەرزاڵکردنی کەش‌وهەوای ئەمنییەتی و خزاندنی هێزی سەرکوتکەر لەو ناوچانە و هەر چەشنە ناڕەزایەتی دەربڕینێک بە سەرکوت و گرتن و ئێعدام وڵام دەدەنەوە.

خەڵکی ئازادیخواز و خەباتگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی ٤٠ ساڵە بە هەموو وجوودیانەوە ئاکام و شوێنەوارەکانی سیاسەتی شۆڤێنیستی و سەرکوتکەرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بەرامبەر خۆیان دیتوە و چێشتوە، زۆر باش لە کێشە و گرفت و بێبەشیەکانی خوشک و برایانی خۆیان لە خوزستان تێ دەگەن. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی سووکایەتییڕاگەیەنە حکوومەتییەکان بەشوناسی نەتەوەیی پێکهاتەکانی ئێران، پشتیوانیی خۆی لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی خەڵکی شارەکانی پارێزگای خوزستان و ویستە ڕەواکانی ئەوان ڕادەگەیەنێ.

ئێمە لە کاتێک‌دا خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی ئێران بۆ پشتیوانی لە داخوازە ڕەواکانی خەڵکی خوزستان بانگەواز دەکەین، لە ناوەندەکان و کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی جیهان داوا دەکەین گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئیران وسەرکوتی ئەو ناڕەزایەتییانە و گرتن و بێسەروشوێن‌کردنی چالاکانی عەرەب لە لایەن دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بە توندی مەحکووم بکەن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ـ حیزبی دێموکراتی کوردستان
١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی
٥ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی