ناوەندی منداڵپارێزیی کرماشان: یارمەتی گەیاندن بە رێژەی کەمی منداڵان، نیشانەی کەمیی ئاماری منداڵانی کار نییە

22:05 - 18 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران لە کۆی حەشیمەتی ١٩ میلیۆن و ٤٣٥ هەزار کەسیی وڵاتی ئێران کە تەمەنیان لە نیوان ٧ هەتا ١٩ کەس، زیاتر لە ٧ میلیۆن و سەد هەزار کەس لە ماوەی ساڵی خوێندنی ٩٠_٩١ بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە دەستیان لە خویندن هەڵگرتووە و لە راستییدا، زیاتر لە ٣٧%ی قوتابیانی ئێرانی لەو سالەدا ناچار بوون دەست لە خوێندن هەڵبگرن.

رێژەی قوتابیانی دوو ئوستانی کوردنشینی کرماشان و سنە لە ساڵی خوێندنی ٩٢-٩٣ی هەتاوییدا، زیاتر لە ٥٤٨ هەزار کەس راگەیەندراوە کە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیک بە ١٠ هەزار منداڵی تەمەن ٦ هەتا ١٣ ساڵی کورد لە شار و گوندەکانی ئەو دو ئوستانە لە خوێندن بێبەش کراون و دەستیان لە خوێند هەڵگرتووە.

\"17738.jpg\"
توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان بە رخنە گرتن لە نەبوونی ئامارێکی فەرمی لەمەڕ ئەو منداڵانەی کەلە ئیران لە خوێندن بە جێماون، هەژاری و بێکاریی سەرپەرەستی بنەماڵەیان بە هۆکار و کێشەی سەرەکیی ئەو منداڵانە داناوە، کە لە خوێندن بە جێماون و پێیان وایە کە ئەم کێشە کۆمەڵایەتییانە بوونەتە هۆی زیادبوونی رێژەی منداڵانی کاری لێکەوتووەتەوە.

رۆژی رابردوو بەرپرسی گشتیی بێهزیستیی کرماشان باسی لە ناسینی ٦٠٠ منداڵی کار لە ئوستان کردبوو کە کێشەی ئابووریی بنەماڵەکانی بە هۆکاری سەرەکیی روو کردنی ئەو منداڵانە بۆ کار راگەیاندبوو.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بە مەبستی رووماڵکردنی دۆخی منداڵان بە تایبەت ئەوانەی کە بە هۆی کێشەی ماڵی و ئابوورییەوە دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە، پەیوەندیی لەگەڵ \"ناوەندی منداڵپارێزی ئێران _لقی کرماشان\" گرتووە و بەرپرسانی ئەو دامەزراوە نا حوکمییە باسیان لە کێشەکان و چالاکییەکانی ئەو ناوەندە کرد.

بەرپرسی ماڵی ــ ئیداریی ناوەندی منداڵپارێزیی کرماشان باسی لە خستنە ژێر رکێفی دوو ئوستانی کرماشان و سنە کرد و رایگەیاند؛ پێشتریش ئوستانی ئیلام لەژیر چاوەدێریی ناوەندی منداڵپارێزیی کرماشان بووە، بەڵام لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لقی ئەو ئوستانە سەر لەنوێ و بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستی بە کار کردەوە.

\"17739.jpg\"
پەروانە کەرەمی ئاماری منداڵانی سەر شەقامی کرماشانی ٦٠٠ کەس مەزەندە کردووە و وەبیری هێنایەوە کە ناوەندی منداڵپارێزی تەنیا ئەو منداڵانە دەخاتە ژیر چاوەدێریی خۆی کە توانایی خوێندنیان تێدا بە دی بکرێت کێشەی ئابووری بووبێتە هۆی واز هێنان لە خوێندنیان و ئەمەش بە واتای نەبوونی منداڵی کار لە ئوستانی کرماشاندا نییە.

ئەو چالاکەی بواری مافەکانی منداڵان رایشیگەیاند، ناوەندی منداڵپارێزیی _لقی کرماشان نزیک بە ٥٠٠ کەسی لە دوو ئوستانی سنە و کرماشان و لە قۆناغەکانی سەرەتایی هەیا خوێندکاری دوکتورا لەژێر چاوەدێری دایە.

ناوبراو لەسەر ئەو پرسیارە، کە سەرەڕای ئاماری بەرزی منداڵانی بە جێما لە خوێندن لە دوو ئوستانی سنە و کرماشان بۆچی ئەو ناوەندە رێژەیەکی کەمی خستووەتە ژێر چاوەدێری رایەیاند؛ ناوەندی منداڵپارێزی تەنیا بورسیەی ئەو منداڵانە دەدات کە توانایی خوێندنیان هەیە و پێشتر نزیک بە ١٠٠٠ کەس لە ژیر جاوەدێریدا بوون کە بەهۆی کۆتایی خوێندن، درێژە نەدان بە خوێندن و پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە تایبەت لە کچاندا کە لەو دوو ئوستانە لە تەمەنی منداڵیدا ژیانی هاوبەش پێک دێنن، ئاماری ئەو کەسانەی کە لەژیر چاوەدێریی ناوەندەکەمان دان بۆ نزیک ٥٠٠ کەس دابەزیوە.

بەرپرسی کاروباری ئیداریی ناوەندی منداڵپارێزیی کرماشان لەمەڕ چۆنیەتیی وەرگرتنی ئەو منداڵانە لە ناوەندەکەیاندا وتی؛ لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە قوتابخانەکان بە ناساندی ئەو کەسانەی کە ئەو خاڵانەیان تێدا بەدی دەکرێت و یان بە سەردانی بنەماڵەکان و دوای لێکۆڵینەوەی پێویست، هەنگاوی پیویست بۆ تۆمار کردنی ناوی ئەو قوتابیانە هەڵدەگیردێت بە مەرجێک کە زیرەکی و نمرەی بەرزی ناوبراو بۆ بونیادەکەمان روون بێتەوە.

بە وتەی پەروانە کەریمی، ئەو کەسانەی کە دەکەونە ژێر چاوەدێریی بونیادەکەیانەوە بە شێوەی مانگانە یارمەتییەکەیان بە سەرپرەستەکانیان یان خۆیان دەدرێت و ساڵانە دوو یان سێ جار خۆراکییان پێ دەدرێت و لە مانگی رەمەزانیشدا تێچووی خۆراک و دەواو دەرمانی ئەو قوتابیانە لە ئەستۆ دەگریت.

\"17737.jpg\"
ناوبراو لە کۆتاییدا ئامادەیی ناوەندی منداڵپارێزیی کرماشانی بۆ وەرگرتنی ئەو منداڵانەی کە توانایی خوێندنی باشیان هەیە راگەیاند و داوای لە هاووڵاتیانی کورد و قوتابخانەکانی ئوستانەکانی کرماشان و سنە کرد، کە بە ناساندنی ئەو منداڵانەی کە ئەو تایبەتمەندییانەیان تێدا بەدی دەکرێت بە ناوەندی منداڵپارێزی بناسێنن و یارمەتی ئەو ناوەندەش بدەن.

ناوەند منداڵپارێزیی ئێران کە بە ناوی \" دامەزراوەی خەیریەی ئاسایشی منداڵ\" لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی تۆمار کراوە و ئارمانجی خۆی وەها پێناسە دەکات: هیچ قوتابییەکی شیاو و لێهاتوو لە ئیراندا نابێ بە هۆی هەژارییەوە لە خوێندن بە جێ بمێنێت.

ئەو ناوەندە منداڵپارێزییە لە زیاتر لە ٢٠ شاری ئێران نووسینگەی کردووەتەوە و جگە لە کرماشان، لە شارەکانی ورمێ و کرماشانیش لقی کردۆتەوە.

هەنووکە ئەو ناوەندە زیاتر لە ٩ هەزار قوتابی لە ژێر چاودێریی خۆیدا داناوە و پشتیوانییان دەکات.

شوێنی بنکەی ناوەندی منداڵپارێزی کرماشان لە شەقامی مودەڕیس، پارکینگی شارداری، مەکۆی پزیشکی بازرگانیی ئیجلالیە لە نۆهەمی چوارەم هەڵکەوتووە.