ناوەندی "سۆما"ی شنۆ چوارەمین خولی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوەدەبات+وێنە

22:17 - 18 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی فێرکاریی \"سۆما\"ی شنۆ چوارەمین خولی فێرکاریی خوێندنەوەو نووسینی زمانی کوردی لەو شارە بەڕێوە دەبات.

\"زوبێر پەیغامی\" بەرپرسی \"ناوەندی فەرهەنگی هونەریی فەخری رازی\" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بەمەبەستی بەرەودان بە زمان و ئەدەبی کوردی و هەروەها شارەزابوون لە خوێندنەوەو نووسینی زمانی کوردی ئەو خولە فێرکارییە بەڕێوە دەبەین.

پەیغامی ئاماژەی بەوەش کرد، ناوەندی سۆما لەماوەی ١ ساڵ چالاکیی خۆیدا لە شاری شنۆ توانیویەتی زیاتر لە ١٠٠ کەس بە مامۆستایەتیی \"عومەر محەممەدی\" فیری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی بکات و هاوکات بڕوانامەی باوەڕپێکراویشیان پێشکەش کراوە.

\"13183.jpg\"
زوبێر پەیغامی، بەرپرسی \"ناوەندی فەرهەنگی هونەریی فەخری رازی\"
ناوبراو ئەوەشی خستەڕو، بەشداری کردن لەو خولە فێرکارییەدا بەبێ هیچ جیاوزییەک بۆهەموان ئازادە و سەرجەم هاووڵاتییان بەبێ لەبەر چاوگرتنی جیاوازیی رەگەز و تەمەن دەتوانن هەتا کۆتایی مانگی جۆزەردان لە بنکەی سەرەکیی ئەو ناوەندە لە گەڕەکی \"سەیداوێ\" ناونووسی و بەشداری بکەن.

ئەو بەرپرسەی ناوەندی فەرهەنگی هونەریی فەخری رازی رەخنەی وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە هاووڵاتیان بە کەمیی پێوازی لەو خولە فێرکارییانەدا دەکەن، رایگەیاند: هیوادارم لاوان بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە فەرهەنگییەی کەلە کوردستان هەیە زیاتر گرینگی بە زمانی زگماکی خۆیان بدەن و ەک ئەرزش سەیری ئەم هەوڵانە بکەن.

ئەو خولە فێرکارییە رۆژی یەکەمی مانگی پووشپەڕ دەست پێ دەکات و بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە کۆتایی خولەکەشدا بڕوانامە پێشکەش بە سەرجەم بەشداران دەکرێ و رێزیان لێ دەگیرێت.

ناوەندی سۆما ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی وەک دامەزراوەیەکی غەیرە حکوومەتی لە شاری مەهاباد دامەزراو جیا لەوەی كە ناوەندەكەی لە شاری مەهاباد بوو، توانی لە شارەكانی بۆكان، سەردەشت پیرانشار، بانە، سەقز، قوروە، سنە، شنۆ و چەندین شارۆچكە و گوند لق و شاخە بكاتەوە و لەو ماوەیەدا سەدان خوێندەوار و قوتابیی كوردییان فێری زمانی كوردی کردووە.
\"13184.jpg\"

\"13185.jpg\"

\"13182.jpg\"

\"13181.jpg\"