ناوی کوژراوەکانی شەری مەریوان بڵاو کرایەوە

02:49 - 31 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوی ١١ کەس لە کوژراوەکانی شەڕی سپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو بڵاو کرایەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئەمنییەتی و ئینتزامیی پارێزگای سنە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران و گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە گوندی \"دەرێ\"ـی شاری مەریوان رایگەیاندووە:\" لەو شەڕ و تێکهەڵچوونە چەکدارایەدا سەر لە بەیانی (شەممە) لە سنوورەکانی شاری مەریوان لە نێوان گرووپێکی تێروریستی و دژبەر لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی وڵاتەکەمان، ١١ کوژراو و ٨ کەسیش بریندار بوون\".

ڕاگەیەنەکانی حکوومەتی ناوی کوژراوەکانیان بەم چەشنە ڕاگەیاندووە:
میهراب عەبدی، قانع کەرەم‌وەیسی، فەرزاد ڕەحیمی، ئیبراهیم حەزرەتی، عەبدولڕەحمان خالیدی، ئیرج رەحیم‌نیا، ئارام فەیزی، شادمان مورادی، بورهان موعین‌پوور، تالب مەحموودی و ئارش ڕەزایی.

دەوترێ، سێ کەس لە کوژراوەکان خەڵکی شاری قورووە و ئەو ٨ کەسەکەی دیکە خەڵکی شاری مەریوانن.

کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ٣٠ی پووشپەڕ، گرووپێکی چەکداری نەناسراو هێرشیان کردە سەر پایەگایەکی سپای پاسداران لە گوندی \"دەرێـ\"ـی شاری مەریوان و ئەو پایەگایەیان بە تەواوەتی تەفروتوونا کردووە.

بە وتەی یەکێک لە دانیشتووانی گوندی \"دەرێ\"، لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا، زیاتر لە ٢٥ پاسدار کوژراو و بریندار بوون و کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سپای پاسداران، بە چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕ و هەروەها چەندین ئامبوڵانس ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کراون.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا ئەوەش دەخاتە ڕوو که تەرمی کوژراوەکانی ئەو شەڕە بە پێنج ئامبوڵانس ڕەوانەی نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ـی شاری مەریوان کراون.